شاندێکی باڵای حەماس لە بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست و دۆخی غەززە دەکات

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و شاندی بزووتنەوەی حەماس
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و شاندی بزووتنەوەی حەماس

شاندێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتیی ئوسامە حەمدان، سەردانی بەغدای کرد و زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسی و سیاسی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی عێراق، ئەنجام دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندێکی باڵای بزووتنەوەکە بە سەرۆکایەتیی ئوسامە حەمدان و بە ئەندامێتی تاهیر نونو، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بزووتنەوەکە سەردانی بەغدای کرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، شاندی بزووتنەوەی حەماس لە بەغدا، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسی و سیاسی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی عێراق هەبوو، کە تێیدا پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین تاوتوێ کران.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بووە لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەکان. هەروەها لایەنەکان بیروڕایان لەسەر گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ کردووە، بە تایبەت ئەو ڕووداوانەی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاییندەی دۆزی فەڵەستین هەیە.

لە میانی دیدارەکاندا لەگەڵ لایەنی عێراق، شاندی حەماس ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە خستووەتە ڕوو. هاوکات تیشکی خستووەتە سەر زیادبوونی تاوان و پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا و شاری قودس، لەگەڵ خستنەڕووی مەینەتیی زیندانیانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا.

هەروەها شاندەکە جەختی لەسەر پێویستیی "یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و هەرێمییەکان" کردووەتەوە وەک تاکەڕێگە بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان و کۆتاییهێنان بەو قەیرانە مرۆییەی کە بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتووە.

بەشێکی دیکەی دیدارەکان تەرخان کرابوون بۆ باسکردنی قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و فەڵەستین. شاندی حەماس ستایشی "هەڵوێستی عێراقی کردووە لە پشتیوانیکردنی فەڵەستین.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل