کشتوکاڵی ئاکرێ ڕووپێوی بۆ ئەو زەوییانە دەکات بە گەنم دادەچێندرێت

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، زەوی بە زەوی لە نێو جووتیاران دا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی ڕووپێویەکی دروست بۆ زەوییەکانیان بکەن.

بەم هەنگاوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیەوێت ڕووبەری تەواوی چاندنی گەنم تۆمار بکات، بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی لەلای حکوومەتەوە دێتە وەرگرتن بەگوێرەی ڕووبەری تۆمارکراو بێت.

ئه‌سلان حسێن،بەرپرسی بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی گوت: گوند بە گوند دەگەڕێین بۆ ئەوەی سۆراغی ڕووبەری دروستی چێندراوی بە گەنم لەلای هەر جووتیارێک بزانین و کارئاسانی زۆرمان بۆ دەکات، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا تووشی گرفت نەبینەوە، بەتایبەتی لە کاتی ڕادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان و چەند گەنم ماوە. 

ئەم ڕووپێویە، لەلای ئەندازیارانی پسپۆرەوە بە ئامادەبوونی خاوەن زەویەکان دەکرێت و جووتیارەکانیش بە هەنگاوێکی باش ناوی دەبەن، چونکە پێشوەختە دەزانن چەند گەنم ڕادەستی سایلۆ دەکەن.

محه‌ممه‌د ئه‌مین، جووتیار بە کوردستان24ـی گوت: ئەم ڕووپێویە بۆ جووتیاران زۆر باشە، چونکە بەهۆیەوە هیچ کەس ناتوانێت مافی کەسی دیکە بخوات، لەوانەیە پێشتر زەوی هەبێت چەند گەنمی هەبێت، بەڵام کەمتری بۆ حساب کرابێت، بەڵام لە مەبەدوا ئەو کێشە نامێنێت.

لە وەرزی ڕابردوو لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، 113 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دا چێندرابوون و بەرهەمی 40 هەزار تۆن بوو، بەڵام بەگوێرەی ئەم ڕووپێوەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ تاوەکوو 150 هەزار دۆنم هاتووە چاندن و هەر جوتیارەک بە گوێرەی ڕووبەری زەوی تۆمارکراوی گەنم ڕادەستی سایلۆ دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل