ترەمپ: هێرشمان کردە سەر داعشەکانی نێجیریا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سووپای وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر ڕێکخراوی داعش لە نێجیریا.
لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی(تروس سۆشیال) بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ نووسیوویەتی: بە فەرمانی من وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، هێزەکانی سووپای ئەمەریکا هێرشێکی توندیان کردە سەر چەکدارانی داعش لە باکووری ڕۆژئاوای نێجیریا.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی بە ئامانجگیراون لە هێرشەکەی سووپای ئەمەریکادا، بەشێوەیەکی وەحشیگەرانە خەڵک دەکوژن، لەپێشەوەی هەموویانیش کریستیانە بێ تاوانەکان دەکوژن کە پێشتر و چەند سەدەیەک پێش ئێستاش نەبیندراوە.
ترەمپ دەڵێت: پێشتر ئەو تیرۆریستانەم ئاگادارکردەوە لەوەی، باجی قورسی کردەوەکانیان دەدەن ئەگەر دەست لە کوشتنی کرستیانەکان بەرنەدەن، بۆیە ئەمشەو ئەوەیان بەسەر هات.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، وەزارەتی جەنگ، هێرشێکی وردیان لە نێجیریا ئەنجامداوە، وڵاتەکەمان لەژێر فەرماندەیی من، ڕێگە بە تیرۆر و توندڕەوی نادات.
دۆناڵد ترەمپ هیوای خواست خودا سوپای وڵاتەکەی بپارێزێت و پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی(مەسیح)ـسەلامی خوای گەورەی لەسەر بێت، لێکردن.
فەرماندەیی سەربازیی ئەمەریکا لە نێجیریا لە تۆڕی(ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشەی لە نێجیریا ئەنجامدراوە، لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی حکوومی ئەو وڵاتەوە بووە کە تێیدا ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران.
ئەو هێرشەی سوپای ئەمەریکا لە نێجیریا لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، هۆشداریی دا لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کریستیانەکانی نیجیریا بەمەبەستی لەناوبردنیان، بۆیە ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کرد بەرانبەر ئەو چەکدارانەی بوونەتە هەڕەشە لەسەر کریستیانەکان لە نێجیریا.
