فەرهاد شامی: لەگەڵ دیمەشق باسی سیستەمی نا مەرکەزیمان کردووە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: ئەگەر پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووایە، تورکیا بوێریی ئەوەی نەدەکرد پەلامارمان بدات.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، هەواڵی کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هیزەکانی سووریای دیموکرات و، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریای پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، پێش سەری ساڵ جارێکی دیکە لەگەڵ یەکتر کۆ دەبنەوە.
شامی دەڵێت: هەسەدە لەگەڵ دیمەشق باسی سیستەمی نا مەرکەزی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێیان ڕاگەیاندوون کە پێویستە خەڵک خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەببەن.
لەبارەی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش، فەرهاد شامی گوتی: لەبارەی قسەکانی هاکان فیدان کە گوایە هەسەدە هاوکاریی ئیسرائیل دەکات، گوتی: ئەگەر هەسەدە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووایە، تورکیا بوێریی ئەوەی نەدەکرد پەلاماری بدات، ئەو تۆمەتانەی تورکیا دروستی دەکات، بەمەبەستی دەستوەردانی زیاترە لە کاروباری ناوخۆی سووریا.
شامی ئاشکرای کرد، هیچ شەڕکەرێکی بیانی، لە ڕیزەکانی هەسەدەدا نییە.
