حەشدی شەعبی لە بەغدا ڕێوڕەسمێکی سەربازیی دژی ئەمەریکا بەڕێوە برد
ئەمڕۆ هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ناوەڕاستی شاری بەغدا، ژمارەیەکی زۆر لە چەکداران و لایەنگرانی دەستەی حەشدی شەعبی ڕژانە سەر شەقامەکان و لە گۆڕەپانی تەحریر کۆبوونەوە.
ئەم گردبوونەوەیە بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەو چەکدارانە ڕێکخرابوو کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە کوژراون.
بەشداربووان بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی و بە هەڵگرتنی چەندین تابووت وەک هێمایەک بۆ کوژراوەکانیان، دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا دەربڕی.
لە میانی مەراسیمەکەدا، چەکداران و لایەنگرانی حەشد چەندین دروشمی توندیان دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەگوتەوە و جەختیان لەسەر مانەوەی هێزەکانیان کردەوە.
ئەم مەراسیمە لە کاتێکدایە کە حەشدی شەعبی ئەم هەفتەیەی وەک هەفتەی یادکردنەوەی هەموو ئەو کەسانە دیاری کردووە کە لەلایەن ئەمەریکاوە کوژراون.
مێژووی ئەم گرژییانە بەشێکی زۆری بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، کاتێک سوپای ئەمەریکا هێرشێکی فراوانی کردە سەر بنکەکانی گرووپی حزبوڵڵای عێراقی لە شارۆچکەی قائیمی سەر بە پارێزگای ئەنبار، کە بەهۆیەوە نزیکەی 50 چەکداری ئەو گرووپە کوژران.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم نمایشە سەربازییەی لایەنگرانی حەشد لە کاتێکدایە کە، واشنتن لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختی لە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت کردووەتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا، گرووپە چەکدارەکان بە توندی ئەو داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، چەکەکانیان لای خۆیان دەمێنێتەوە و ڕادەستی هیچ لایەنێکی ناکەن.
