دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2025دا بە گوژمەی زیاتر لە 41 ملیار دینار پڕۆژەی مرۆیی جێبەجێ کردووە
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: سەرەڕای ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی ساڵی 2025، دەزگاکەیان توانیویەتی کار و پڕۆژەی گەورە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و بە گوژمەی زیاتر لە 41 ملیار دینار، 161 پڕۆژەی ستراتیژی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و ئاوارەکان جێبەجێ بکات.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025 بەڕێوەچوو، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی مرۆیی ئاوارەکان و ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆتایییەکانی ئەمساڵدا بارودۆخێکی سەختیان لە نێو 27 کەمپەکەی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕاندووە.
ناوبراو هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و بێباکیی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گەڕاندەوە، کە وەک پێویست بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرانبەر بە هاوکاریی ئاوارەکان جێبەجێ نەکردووە.
سەبارەت بە کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، موسا ئەحمەد ڕوونیکردەوە، گۆڕانکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بووەتە هۆی وەستانی زیاتر لە 19 پڕۆژەی گرنگ لە نێو کەمپەکاندا، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و کارەکانی دەزگاکە دروست کردووە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کەمپەکانی لەسەر شانە.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگاکەدا ئەوە خرایە ڕوو، کە لە 10 سێکتەری جیاوازدا 161 پڕۆژە جێبەجێ کراون، لە کەرتی خۆراکدا، 106,313 کارتۆنی خۆراک و 50,292 ژەمی ئامادەکراو لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دابەشکراون، هەروەها لە کەرتی پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، 32 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و سیستەمی پێویستیان بۆ دابینکراوە، لەگەڵ ڕاخستنی فەرش بۆ 95 مزگەوت و بایەخدانی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆی تێچووی پڕۆژەکانی ئەمساڵی بە 41,702,286,000 دینار خەمڵاند و دووپاتی کردەوە، کە وەک هەمیشە بە گیانێکی پێشمەرگانە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکییان بۆ ساڵی داهاتوو بایەخدانی زیاتر دەبێت بە کەرتەکانی پەروەردە، ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنان، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو بەخشەر و هاوبەشانەی کرد کە هاوکار بوون لە سەرخستنی ئەم کاروانە مرۆییەدا.
