بەهۆی تەم و مژەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی گۆڕانی تێکەوت

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی تەم و مژ و کەمبوونەوەی مەودای بینین، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە گۆڕانی تێکەوتووە.

پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تییدا، ئاگاداری هاووڵاتییان و گەشتیارانی کردووەتەوە کە، بەهۆی ناجێگیری کەشو هەوا و بوونی تەمێکی زۆر، گۆڕانکاری لە بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕوودەدات، داواشی کردووە،  بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، سەردانی ماڵپەری فەرمی فڕۆکەخانە بکەن کە بەردەوام گوڕانکارییەکانی گەشت تێیدا نوێ دەکرێتەوە.

هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ژمارەیەکی تەلەفۆنی بڵاوکردووەتەوە(07702229990) و دەڵێت: ئەم ژمارەیە 

‏‎بۆ وەرگرتنی زانیاری ھەنووکەیی، یاخود ھەر زانیارییەک لەسەر گەشتەکان داندراوە و هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن بەم ژمارە تەلەفۆنە پەیوەندی بە سەنتەری زانیاری فڕۆکەخانەوە بکەن.

ئەم ڕاگەیەندراوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هاووڵاتییانی کردبووەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی فراوانی باران بارین، بەفربارین و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلە لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، ڕێکەوتی 2025/12/27 دەست پێدەکات و تاوەکو ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 2025/12/30 بەردەوام دەبێت، بڕی دابارین لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم بە لێزمە دەبێت و لە ناوچەکانی تریش بە شێوەی مامناوەند دەبێت.
کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 2025/12/29، پێشبینی بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی دەکرێت، هەروەها لە سەنتەری پارێزگای هەولێریش باران و بەفر بە تێکەڵاوی (تێکەڵە) دەبارێت، هاوکات پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، بەتایبەت لە سەنتەری شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل