ئاژانسی فەرمی سووریا: گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە ئەنجامی نەبووە

دیمەشق ڕەخنە لە هەسەدە دەگرێت و مەرجەکانی بۆ هەر لێکتێگەیشتنێک دەخاتە ڕوو.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایدەگەیەنێت: هەر جۆرە گفتوگۆیەک بۆ نزیکبوونەوەی دیدو بۆچوونەکان لەنێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات بێ ئەنجام دەبێت، ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ ڕێککەوتنی فەرمی و خشتەیەکی زەمەنی ڕوون بۆ جێبەجێکردن.

سەبارەت بە پرسی سامانە سروشتییەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بانگەشە بەردەوامەکانی هەسەدە دەربارەی ئەوەی نەوت موڵکی هەموو گەلی سووریایە، متمانەی خۆی لەدەست دەدات ئەگەر ئئەو سامانە لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوە نەبردرێت و داهاتەکەشی نەچێتەوە ناو بودجەی گشتیی وڵاتەوە.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕەخنەی لەو تێڕوانینە گرتووە کە ئێستا بۆ پرسی لامەرکەزی دەخرێتە ڕوو، بەو پێیەی ئەو پێشنیارانە لە چوارچێوەی کارگێڕی لایانداوە و بەرەو لامەرکەزییەکی سیاسی و ئەمنی هەنگاو دەنێن کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی قەوارەی سەپێندراو.

 هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دروشمی ئیدارەدانی ناوچەکە لەلایەن خەڵکەکەیەوە، ڕاستییەکان دەشارێتەوە، چونکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پەراوێزخستنی سیاسی و قۆرخکاریی بڕیار هەیە و پێکهاتە جیاوازەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی ناکرێن.

سەبارەت بە لایەنی سەربازی و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، دیمەشق ڕایگەیاندووە، هیچ لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ هەبوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپای سووریا ناگونجێت، بەتایبەت کە ئەو هێزانە سەرکردایەتی سەربەخۆ و پەیوەندیی دەرەکییان هەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، هاوکات، کۆنترۆڵکردنی تاکلایەنانەی دەروازە سنوورییەکان و بەکارهێنانیان وەک کارتێکی فشار لە دانوستانەکاندا، بە پێشێلکارییەکی ڕوونی بنەماکانی سەروەریی نیشتمانی لەقەڵەم دراوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل