لە کۆبوونەوەیەکدا چوارچێوەی هەماهەنگی داهاتووی ئەمنیی عێراقی تاوتوێ کرد
چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادە بوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کرد. کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و ئەرکەکانی قۆناخی دوای سەروەری تەرخان کرا، کە بە وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە لە رێڕەوی چەسپاندنی سەربەخۆیی و سەقامگیریی عێراق دەژمێردرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق و هێزە ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە کرد، کە بەرگرییان لە خاک و سەروەریی نیشتمان کردووە.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مەرجەعی باڵای ئایینی دەربڕی و بە قەڵغانی ئەمنی و پارێزەری وڵات ناوی برد.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی ئەو گرووپانەی بەرز نرخاند کە پابەندی بەرژەوەندیی گشتی بوون و پابەندبوونی خۆیان بە کاغەزی رێککەوتن راگەیاند، کە بەرهەمی ماندووبوونی لایەنە دڵسۆزەکانە.
لەسەر ئاستی بەهێزکردنی دەوڵەتی دامەزراوەکان و سەروەریی یاسا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیکردەوە و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد پابەندی هێورکردنەوەی گشتگیر و سەرانسەری بن.
سەبارەت بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی هاوپەیمانییەکەی بە کشانەوە لە عێراق لەو وادەیەی دیاریکراوە بەرز نرخاند، دوای ئەوەی رۆڵێکی بەرچاویان لە شەڕی دژی تیرۆردا گێڕا.
چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاسی لیژنەی چوارقۆڵیی کرد و جەختیکردەوە، پێویستە هەوڵەکانی ئەو لیژنەیە بە هەمان خێرایی بەردەوام بن تا 30ـی حوزەیرانی 2027، کە وادەی کۆتایی رێککەوتووە بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکەی تایبەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی چەک.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لە توانای حکوومەت و دەوڵەت کردەوە بۆ پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و رەخساندنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ وەبەرهێنان.