هۆزان دەروێش نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بەناوی (پەرێشانم) بڵاوکردەوە

هۆزان دەروێش
هۆزان دەروێش

هونەرمەندی گۆرانیبێژ هۆزان دەروێش، یەکێک لە شاکارە فۆلکلۆرییەکانی گۆرانی کوردی بە شێوازێکی نوێ و لە چوارچێوەی کلیپێکی هونەریدا بڵاوکردەوە و پێشکەشی هەوادارانی کرد.

ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، هونەرمەند هۆزان دەروێش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند: کارەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی گۆرانی پەرێشانم کۆتایی پێهێناوە.

 ئەم گۆرانییە کە خاوەن ئاوازێکی ڕەسەنی فۆلکلۆرییە و پێشتر هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەن زیرەک چڕیوێتی، هۆنراوەکەی لەلایەن حاجی هاشم نانەوازادەوە نووسراوە.

سەبارەت بە لایەنی تەکنیکی و بەرهەمهێنانی ئەم کارە، کاروان محەممەد ئەرکی دابەشکردنی میوزیکی لە ئەستۆ گرتووە و گۆرانییەکە لە ستۆدیۆی KMP لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، هەروەها نەجات بەگزادە وەک دەرهێنەر، کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکەی ئەنجامداوە، کە تێیدا هەوڵدراوە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی ناوەڕۆکی گۆرانییەکە بکرێت.

هۆزان دەروێش یەکێکە لەو دەنگە دیارانەی کە ماوە ماوە بە نوێکردنەوەی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان، هەوڵی زیندووکردنەوەی میراتە هونەرییە دەوڵەمەندەکەی کورد دەدات، نوێکردنەوەی گۆرانییە نەمرەکانی هونەرمەندانی وەک حەسەن زیرەک، جگە لەوەی پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی ئاواز و مێلۆدییە کۆنەکان دەکات، هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەی نوێ لە ڕێگەی تەکنیک و ستایلی سەردەمیانەی میوزیکەوە زیاتر لەو شاکارانە نزیک ببنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل