دوای سێ ساڵ دزی دەستگیرکران
لە شاری ڕانیە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دوو تۆمەتبار دەستگیرکران و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارەکە ئاشکرای کرد، ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستگیرکراون، سێ ساڵە بە بەردەوامی دزیان لە فرۆشگای قوتابخانەیەکی ناو ڕانیە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕانیە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە 18ـی ئەم مانگە لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە سکاڵای تۆمارکرد، کە بەوتەی خۆی لە فرۆشگای قوتابخانەی سەفین و ڕاپەڕین دزی لێکراوە و پارەکی زۆر و خواردنی فرۆشگاکەیان لێدزیووە، دوای لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتباران، توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوە دانیانناوە بە تاوانەکەیاندا و بە وتەی خۆیان لە مانگی ئەیلوولی 2023ـەوە تاوەکو 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کاتی جیاجیا بەڕێژەیــەکــی زۆر، کــە نەتوانراوە هـەژمــار بکرێت دزیــان لەو فرۆشگایە کردووە و پارەیەکی زۆر و خواردنی فرۆشگاکە یان دزیووە.
هەردوو تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە بە ناوەکانی (ئـ.ر.هـ) و (ئـ.ح.أ) تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوە و بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 443 لە یاسایی سزادانی عێراقی زیندانیکراون.
