لە حەلەب گرژی لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا ڕوویدا
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا، یەکێک لە خاڵە پشکنینەکانیان لە نزیک بازنەی شێخ مەقسوود بە دوو گولەی ئار پی جی لەلایەن "گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق" کراوەتە ئامانج.
ئاسایش ڕایگەیاندووە؛ لە چوارچێوەی مافی بەرگریی لە خۆگرتن، بە شێوەیەکی سنووردار وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە، هاوکات دووپاتیان کردەوە، پابەندن بە دانبەخۆداگرتن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی فەرمی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە؛ چەند ئەندامێکی پۆلیسی گومرگ لەسەر ڕێگای حەلەب-ڕەقە بەهۆی هێرشێکی کەسانی نەناسراو برینداربوون. هەروەها تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سووریا ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکوومەت لە بازگەی "شیحان" بە تەقەی قەناس بەدەستەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بریندار بووە.
کەناڵی جەزیرە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە؛ دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە خاڵێکی پشکنین لە بازنەی "شیحان" بە تەقەی هێزەکانی ئاسایشی سووریا برینداربوون. بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگای نێوان شێخ مەقسوود و لەیرەموونیان داخستووە و ڕێکارە ئەمنییەکان لە دەوروبەری بازنەی شیحان توندتر کراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی (سانا) ڕایگەیاند؛ سوپای سووریا چەند درۆنێکی لە نزیک بەنداوی تشرین لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب خستووەتە خوارەوە، بە گوتەی ئەوان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی بەرانبەرەوە ئاراستە کرابوون، ئەمەش بە پێشێلکارییەکی نوێی ڕێککەوتنی "10ـی ئادار" هەژمار دەکرێت.
ئەم پەرەسەندنانە دوای هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادانی خوێناوی دێت لە حەلەب، بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی. ئەو کات بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکاوە هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام ڕووداوەکانی دوێنێ هەینی ئاماژەن بۆ ناسەقامگیری ئەو ئاگربەستە و ئەگەری سەر هەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانەکان.
