باڵیۆزی ئێران لە بەغدا: گرووپە چەکدارەکانی عێراق سەربەخۆن و لەژێر ڕێنمایی ئێمەدا نین
محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لەبەغدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی "دیجەلە" ڕایگەیاند؛ لایەنە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق سەربەخۆن لە ژێر ڕێنمایی و هەڵسوکەوتی ئێمەدا کار ناکەن.
کازم ئالسادق ڕوونی کردەوە؛ هێزە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک، لە پێگەیشتووی سیاسی کە ڕێگەیان پێدەدات بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار بدەن و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بە بوونی نیگەرانییەک کرد لە ناو گرووپەکان و گوتی: "گرووپەکان لە عێراق نیگەرانن لە کاردانەوەی ئەگەریی پرۆسەی چەکداماڵینیان."
21ـی مانگی ڕابردوودا، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، مارکۆ ڕوبیۆ بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و جەختی لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان کردووهتهوه و به سوودانی ڕایگەیاندبوو، کە ئەو گرووپانە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق و هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و بازرگانانی ئەمەریکی و عێراقی. هەربۆیە دەبێت کۆتایی بە ڕۆڵی ئەو گرووپانە بهێنێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک بەشداربن لە حکوومەتی نوێدا.
