سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی مووچه و بودجه‌ی (2021) تاوتوێ بكات

K24 – هه‌ولێر:
بڕیاره سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی هه‌فتانه‌ی خۆی ئه‌نجامبدات و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی مووچه و بودجه‌ی (2021) تاوتوێ بكات.
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ره‌وشی دارایی و ئابووری هه‌رێم و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك و له واده‌ی خۆیدا كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجامداوه.
رۆژانی چوارشه‌ممه‌ی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگترین پرسه‌كانی رۆژ تاوتوێ ده‌كات و بڕیار و راسپارده‌ی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری كێشه و پرسه‌كان ده‌رده‌كات.
له باره‌ی ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه، ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، كوێستان محه‌مه‌د رایگه‌یاند، یه‌كێك له خاڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی چوارشه‌ممه (2ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) بریتی ده‌بێت له مووچه و هه‌روه‌ها بودجه‌ی ساڵی (2021) عێراق.
بودجه‌ی (2021)ـی عێراقی ئیتیحادی، تا ئێستا له لایه‌ن كابینه‌ی "مسته‌فا كازمی" سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كراوه و ئه‌مه‌ش مشتومڕی له ناو كوتله سیاسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران درووستكردووه.
یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی پێویسته له ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی عێراقدا یه‌كلا بكرێته‌وه، پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستانه له بودجه‌ی گشتیی ئیتیحادی و ئه‌و پرسه‌ش پێویستیی به دانووستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و رێككه‌وتنی هه‌ردوولا هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، "كوێستان محه‌مه‌د" باسی له هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، بۆ هاوكاریكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی بژێوی ژیانیان و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: (14) ملیار دینار به‌سه‌ر زیاتر له‌سه‌ر (140) هه‌زار خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت دابه‌ش ده‌كرێت، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و خێزانه كهمدهرامهتانهی به هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له په‌تای كۆرۆنا ده‌رفه‌تی كاریان له‌ده‌ستداوه، یاخود سه‌رچاوه‌ی داهاتیان زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه.