سوودانی: گرووپە چەکدارەکان دوو بژاردەیان لەبەردەمە
سوودانی هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئێران و ئەمەریکا لە بەغدا دەدات و بژاردەش دەخاتە بەردەم گرووپە چەکدارەکان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە کەناڵی 'مەیادین' ڕایگەیاند؛ بەغدا هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان تاران و واشنتن بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان.
سوودانی ئاماژەی بەوە کرد ؛ پێشنیازەکەی داوەتە نوێنەری ئەمەریکا و نە لایەنی ئێرانی و نە لایەنی ئەمەریکی دژایەتییان بۆ گفتوگۆ نییە، هەرچەندە هەریەکەیان مەرج و ڕێکاری تایبەت بە خۆیان هەیە.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە؛ داماڵینی چەکی گرووپەکان بڕیارێکی نیشتمانیی عێراقییە و بەشێکە لە بەرنامەی کارەکەی، هاوکات گرووپە چەکدارەکانی سەرپشک کردووە لە نێوان دوو بژاردەدا؛ یەکەمیان تێکەڵبوونە بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان و دووەمیشیان پەیڕەوکردنی ڕێبازی سیاسییە.
لە کاتێکدا لایەنەکانی وەک عەسائیب ئەهلولحەق و لیواکانی ئیمام عەلی پشتگیری خۆیان بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕیوە، کەتایب حیزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا بیرۆکەی چەکداماڵینیان ڕەتکردووەتەوە و جەختیان لە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووەتەوە.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە واشنتن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە تا ڕێگری لە بەشداریی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
21ـی مانگی ڕابردوودا، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، مارکۆ ڕوبیۆ بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و جەختی لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان کردووهتهوه و به سوودانی ڕایگەیاندبوو، کە ئەو گرووپانە بوونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق و هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و بازرگانانی ئەمەریکی و عێراقی. هەربۆیە دەبێت کۆتایی بە ڕۆڵی ئەو گرووپانە بهێنێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک بەشداربن لە حکوومەتی نوێدا.
