پەرلەمانی عێراق بێ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە
یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی کارنامەکە، دانیشتنەکە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی سبەی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکدێت. بڕگەی یەکەم بریتی دەبێت لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی نوێی پەرلەمان. لە بڕگەی دووەمدا، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی ئەنجام دەدرێت.
پێشتر لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەرکردنی مەرسوومێکی کۆماری ژمارە 54، بانگهێشتی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانی کردبوو بۆ ئەنجامدانی یەکەمین دانیشتن.
ئەم بڕیارە پاڵپشت بە ماددەی 54 و بڕگەی چوارەم لە ماددەی 73ـی دەستووری عێراق دەرچووە، دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد.
یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی دێت لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و نەریتی سیاسی، دانیشتنی یەکەم لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت تا هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ. بۆ ئەم خولە، عامر حوسێن جاسم فایز، پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە بە 77 ساڵ تەمەن، سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات.
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی لە ساڵی 2005ـەوە کاری پێدەکرێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، جێگری یەکەمی سەرۆک بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دیاری دەکرێت. پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ڕەها (50+1)ـی کۆی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سوننەکانیش لەسەر ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
