سەرۆکی سۆماڵ: ناتانیاهۆ گەورەترین پێشێلکاری بەرانبەر بە سەروەری وڵاتەکەمان کردووە

حەسەن شێخ محەممەد، سەرۆکی سۆماڵ هێرشێکی توندی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتی:"ئەو دابەشکارییەی کە ئیسرائیل دەیەوێت لە سۆماڵ ئەنجامی بدات ڕەتیدەکەینەوە و بە هیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین.

یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، حەسەن شێخ محەممەد، سەرۆکی سۆماڵ،  لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەردەم پەرلەمانی سۆماڵ لە میانی دانیشتنێکی نائاساییدا سەبارەت بە دانپێدانانی ئیسرائیل بە "سۆماڵیلاند" پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە، نەتانیاهۆ گەورەترین پێشێلکاری بەرامبەر بە سەروەری سۆماڵ کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری ئیسرائیل بۆ دانپێدانان بە "سۆماڵیلاند" دەستدرێژییەکی ئاشکرایە لە دژی سەروەری وڵاتەکەی و  جەختی لەوەکردەوە، کە "سۆماڵیلاند بەشێکی دانەبڕاوە لە سۆماڵ".

هاوکات سەرۆکی سۆماڵ، دانپێدانانی ئیسرائیل بە سۆماڵیلاند بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و هاندانی بزووتنەوە جوداخوازەکان لە سەرانسەری جیهان دەزانێت.

گوتیشی، یەکگرتوویی کۆمەڵگەی سۆماڵ دەبێتە هۆی پووچەڵکردنەوەی دەستدرێژییەکانی ناتانیاهۆ.

لە بارەی ئاوارە بوونی خەڵکی فەڵەستین و گواستنەوەیان لە کەرتی غەززەوە بۆ شوێنێکی دیکە، سەرۆکی سۆماڵ ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە قبوڵ ناکات و گوتیشی، لە ڕابردوودا ئەوەمان ڕەتکردووەتەوە و لە داهاتووش رەتیدەکەینەوە. 

جەختی لەوە شکردەوە، ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.

هەروەها ڕاشیگەیاند، :"وڵاتەکەی گواستنەوەی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خاکەکەی ڕەتدەکاتەوە و دانانی بنکەی سەربازی لەسەر خاکی وڵاتەکەی قبوڵ ناکات کە لێیەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی ناوچەکە".

سەرۆکی سۆماڵ، داوای لە گەلی سۆماڵ کرد، ئارام و یەکگرتوو بمێننەوە، هاوکات جەختی لە گرنگی وتووێژ لەگەڵ سۆماڵیلاند بە ئامانجی یەکگرتوویی کردەوە، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە "سۆماڵ بڕیاریداوە هەموو هەنگاوێکی دیپلۆماسی و یاسایی پێویست بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی بگرێتەبەر".

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە 21 وڵات  ڕۆژی شەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دانپێدانانی ئیسرائیلیان بە سۆماڵیلاند ڕەتکردەوە، ئەم وڵاتانە پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ سەروەری سۆماڵ دەربڕی و هەر ڕێوشوێنێکیان ڕەتکردەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی یەکگرتوویی وڵات و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ.

سۆماڵیلاندا بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیی خۆی لە مەقادیشۆ لە ساڵی 1991 دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا دانپێدانانی فەرمی نێودەوڵەتی لە هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرنەگرتووە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی کۆماری فیدراڵی سۆماڵدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل