بەهۆی بەفر و بارانەوە ڕێگەی زینی وەرتێ داخرا و هۆشداری بە هاووڵاتیانی سۆران و چەمچەماڵ دەدرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین و بارانبارین کە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروستبووە و چەند ڕێگەیەکیش داخران.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە، ڕێگەی (زینی وەرتێ) بە تەواوی داخراوە و لە ڕێگەکانی دیکەی سنوورەکەشدا ئاستەنگیی زۆری هاتووچۆ دروستبووە."
ئاماژەی بەوەش کرد؛ بەفربارینەکە قەزای مێرگەسۆر و تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی گرتووەتەوە. ناوبراو داوای لە هاونیشتمانییان کرد بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، تاوەکو دەتوانن ڕێگەکان بەکارنەهێنن. هەروەها داوای لە گەشتیاران کرد کە بە هیچ شێوەیەک بۆ مەبەستی گەشتیاری سەردانی ناوچەکە نەکەن، چونکە تیمەکانی ڕێگەوبان سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی ڕێگەکانن و چوونی گەشتیاران دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی بۆ کارەکانیان و مەترسی بۆ سەر ژیانی گەشتیارانیش دروست دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی چەمچەماڵ ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە زۆرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، داوا لە شۆفێران دەکرێت ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شەقام و شوێنانە ڕانەگرن کە مەترسیی کۆبوونەوەی ئاوی لێ دەکرێت، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیانێکی مادی کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دروست دەبێت.
لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە تیمەکانی فریاگوزاری و شارەوانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە دروست ببێت.
