ئیسلامی سیاسی دەبێتە هەڕەشە بۆ ئەوروپا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداریی دەدات لەوەی، ئەگەری هەیە لە ماوەی 15 ساڵی داهاتوودا، هێزە ناوەکییەکانی ئەوروپا، بەتایبەت فەڕەنسا و بەریتانیا، بکەونە ژێر کاریگەری و کۆنترۆڵی سەرکردە نزیکەکان لە ئیسلامی سیاسی.
ڤانس جەخت دەکاتەوە لەوەی، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا پەیوەست نییە بە ناوخۆی ئەوروپاوە، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و ستراتیژییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا لەسەر بنەمای بەها کولتووری، ئایینی و مێژووییە هاوبەشەکان بونیاتنراوە، بەڵام دزەکردنی دیدگای ئیسلامی سیاسی بۆ ناوەندەکانی بڕیار لە ئەوروپا، ئەو بنەمایانە دەخاتە مەترسییەوە.
بە گوتەی ڤانس، سەرکەوتنی لایەنگرانی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و شارەوانییەکانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی، سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی ئەو گروپانە بە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی لە ماوەی پازدە ساڵی داهاتوودا.
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆشکی سپی ئاماژەی بە نیگەرانیی خۆی کرد لەوەی، فەڕەنسا و بەریتانیا وەک دوو هێزی خاوەن چەکی ناوەکی، ڕێگە بدەن بیرۆکە توندڕەوەکان دزە بکەنە ناو دامەزراوەکانیان.
ڤانس پێیوایە ئەگەر چەکە ناوەکییەکان بکەونە ژێر کاریگەریی کەسانێک کە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی دژبەری ڕۆژئاوان، ئەوا ئەمەریکا ڕووبەڕووی زیانێکی گەورە دەبێتەوە و هاوسەنگیی ئاسایشی جیهانی تێکدەچێت.
جەی دی ڤانس جەختی کردووەتەوە، پاراستنی شوناسی کولتووری ئەوروپا زەروورەتێکی ئەمنییە بۆ ئەوەی سوپای وڵاتانی ڕۆژئاوا بتوانن لە داهاتوودا بەردەوام بن لە مەشق و ڕاهێنان و شەڕکردن لە تەک یەکتردا.
ئەم لێدوانانەی ڤانس، درێژکراوەی سیاسەتێکی توندتری ئەمەریکایە بەرانبەر بە هەژموونی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. پێشتر دۆناڵد ترەمپ بەریتانیای بە دەوڵەتێکی ئیسلامی چەکداری ناوەکی ناوبردبوو و ڕەخنەی توندی لە بەڕێوەبردنی هەندێک شاری گەورەی ئەوروپا گرتبوو.
هاوکات، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نەتەوەیی ئەمەریکا، هۆشداریی داوە لەوە گروپە ئیسلامییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی سیستەمی یاسایی و سیاسییەوە بنەماکانی شەریعەت بچەسپێنن، کە ئەمەش بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و شارستانییەتی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دادەنرێت.
گابارد پێیوایە ئامانجی ئەم ڕەوتانە دروستکردنی دەسەڵاتێکی جیهانییە کە تێیدا توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکان بەکاردەهێنرێت.
