ئەستێرەی سینەمای فەڕەنسا بریژیت باردۆ لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

بریژیت باردۆ، ئەستێرەی درەوشاوەی سینەمای فەڕەنسا لە ساڵانی شەستەکان و یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافەکانی ئاژەڵان لە جیهاندا، لە تەمەنی 91 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. 

دەزگای باردۆ کە دامەزراوەیەکی خێرخوازییە بۆ پاراستنی ئاژەڵان، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەواڵی کۆچی دوایی ئەم ئەکتەرە ئەفسانەییەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە باشووری فەڕەنسا پشتڕاست کردەوە.
دەزگای بریژیت باردۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دامەزرێنەر و سەرۆکەکەیان دوای تەمەنێکی پڕ لە دەستکەوتی هونەری و مرۆیی، لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی سان ترۆپێ کۆچی دوایی کردووە. 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، باردۆ تەنها ئەکتەر و گۆرانیبێژێکی جیهانی نەبووە، بەڵکو کەسایەتییەک بووە کە ئازایانە دەستبەرداری ناوبانگ و پیشە درەوشاوەکەی بووە بۆ ئەوەی تەواوی ژیانی بۆ خزمەتکردن و پاراستنی ئاژەڵان تەرخان بکات.

ئەم ئەکتەرە ناودارە لە مانگەکانی کۆتایی ژیانیدا بە دەگمەن لە شوێنە گشتییەکان دەبینرا و لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردووشدا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

 هەرچەندە لەو ماوەیەدا دەنگۆی جیاواز لەسەر مردنی بڵاوبووەوە، بەڵام خۆی لە بەیاننامەیەکدا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، تا دواجار بەیانی ئەمڕۆ بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک نا.
بریژیت باردۆ لە ساڵی 1956 و دوای دەرکەوتنی لە فیلمی و خودا ئافرەتی خولقاند، بووە سیمبولی جوانی و ئەستێرەی یەکەمی سینەمای فەڕەنسا و جیهان.

 ئەو لە ماوەی کارکردنیدا بەشداری لە 50 فیلمدا کرد، بەڵام لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دا و لە لوتکەی ناوبانگدا وازی لە نواندن هێنا.

وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی باردۆدا کاتێک دەستی پێ کرد کە لە کاتی وێنەگرتنی کۆتا فیلمیدا، بزنێکی لە سەربڕین ڕزگار کرد و هەر لەوێدا بڕیاری دا ژیانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە بوونەوەرە بێزمانەکان تەرخان بکات.

 لەو کاتەوە باردۆ لە شاری سان ترۆپێ نیشتەجێ بوو و دەزگایەکی جیهانیی بۆ پاراستنی ئاژەڵان دامەزراند، کە تا کۆتا ساتەکانی ژیانی وەک چالاکوانێکی بێوچان لەو بوارەدا مایەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، کۆچی دوایی ئەکتەری جیهانی بریژیت باردۆ و بە سیمبولی ئازادی و نیشتمانپەروەری ناوی دەبات.

 ماکرۆن ئاماژەی بەوە کردووە،  باردۆ لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، تەنها هونەرمەندێک نەبووە، بەڵکو کەسایەتییەک بووە کە شوناسی کۆماری فەڕەنسا و بەها کولتوورییەکانی ئەو وڵاتەی لە جیهاندا بەرجەستە کردووە.
سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە پەیامێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: فیلمەکان، دەنگە ناوازەکە، ناوبانگە جیهانییەکە و تەنانەت خولیا مرۆییەکانی باردۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان، بەشێکی دانەبڕاون لە یادەوەریی نەتەوەیی فەڕەنسا.

 ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە، ڕوخساری باردۆ وەک هێمای (ماریان) کە دروشمی کۆماری فەڕەنسا و نیشانەی ئازادییە، لە مێژوودا دەمێنێتەوە.

 هاوکات ڕەشیدە داتی، وەزیری ڕۆشنبیری فەڕەنسا، باردۆی بە ئەستێرەی بێوێنە و ئافرەتێکی ئازاد ناوبرد کە توانیویەتی بە تەواوی گوزارشت لە ڕوحی فەڕەنسی بکات.

کۆچی دوایی ئەم ئەستێرەیە کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیاوازی سیاسی هەبوو، مارین لوپن، سەرۆکی پارتی کۆمەڵەی نیشتمانی، ستایشی باردۆی کرد و بە کەسایەتییەکی شکستنەهێنەر، دڵسۆز و فەڕەنسییەکی ڕەسەن وەسفی کرد.

 لە لایەکی دیکەوە، شارەوانی (سان ترۆپێ) کە شوێنی نیشتەجێبوون و کۆچی دوایی باردۆ بوو، ڕایگەیاند: ئەم ئەستێرەیە هۆکار بووە بۆ ئەوەی ناوی شارەکەیان لە هەموو جیهاندا بپڕوشکێت و یادی ئەو هونەرمەندە بۆ هەمیشە لە دڵیاندا وەک ناسنامەیەکی جیهانی دەمێنێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل