ئیدارەی خۆسەر سەرکۆنەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەکات

ئیدارەی خۆسەر لە سووریا، سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریاوە دژ بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی دەکات.

 ئیدارەی (خۆسەر)،  حکوومەتی ڕاگوزەر بە بەرپرسیاری سەرەکیی پەرەپێدانی گوتاری ڕقوکینە و هاندان دژ بە هاووڵاتیان دەزانێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی کەناراو و ناوخۆی سووریا بەرانبەر بە دەنگە ناڕازییەکان دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سەرکوتکارییانەیە کە پێشتر لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەنجام دراون.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئیدارەی خۆجێی(خۆسەر)، ئاماژەی بەوە کردووە، پەنابردنە بەر توندوتیژی بۆ بێدەنگکردنی ئەو هاووڵاتیانەی داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، پێشێلکارییەکی زەقە و دۆخی سیاسی و مرۆیی سووریا ئاڵۆزتر دەکات. بەیاننامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ڕاگوزەر لەبری گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ، ڕێگەی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی چەکیان دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز هەڵبژاردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

هەروەها ئیدارەی خۆسەر هۆشداری داوە کە بڵاوکردنەوەی زمانی هاندان و ڕقوکینە لە ناوەندەکانی بڕیاری حکوومەتی ڕاگوزەرەوە، دەبێتە هۆی تێکدانی زیاتری شیرازەی کۆمەڵگەی سووریا و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، ئاماژە بەوەش کراوە کە پاراستنی مافی دەربڕینی ڕا و گردبوونەوەی ئاشتییانە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ هەر گۆڕانکارییەکی دیموکراتی، بەڵام ڕەفتارەکانی ئێستای هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا، پێچەوانەی هەموو پرەنسیپە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانە.


ئەم هەڵوێستەی ئیدارەی خۆسەر لە کاتێکدایە کە، لە کۆتایی ساڵی 2025دا، ناوچە جیاوازەکانی سووریا بە تایبەت ناوچەکانی کەناراو، شاهیدی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانن دژ بە دۆخی گوزەران و سیاستە چەوسێنەرەکان، ئیدارەی خۆسەر کە مۆدێلێکی جیاوازی بەڕێوەبردن پەیڕەو دەکات، بەردەوام ڕەخنە لە سیاستەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دەگرێت، بە تایبەت دوای ئەو ئەزموونە تاڵانەی کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب بەهۆی گەمارۆ و توندوتیژییەوە چەشتیان، کە تێیدا دانیشتووانە کورد ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری سیاسی و سەربازی بوونەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل