بە تەقینەوەیەک دوو کارمەندی تیمەکانی بەفرماڵین لە گوندی سیارێ برینداربوون

تەقینەوەیەک تیمەکانی بەفەرماڵینی لە سنووری باتیفا کردە ئامانج و دوو برینداری لێکەوتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ  یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کاتی پاککردنەوەی ڕێگەی گوندەکان لە بەفر، تەقینەوەیەک لە ژێر ئامێرێکی دۆزەر لە گوندی (سیارێ) سەر بە قەزای باتیفا ڕوویدا،بەهۆی ئەو ڕووداوەوە، دوو کەس کە یەکێکیان شۆفێری ئامێرەکە بووە بریندار بوون و زیانی ماددیش بە تیمەکانی شارەوانی گەیشتووە.
فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕووداوەکە دەوروبەری کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە، کاتێک تیمەکانی بەفەرماڵین سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگەی گوندەکان بوون،بە گوتەی قایمقامی ناوچەکە، تا ئێستا جۆر و هۆکاری تەقینەوەکە بە ڕوونی نەزانراوە و نادیارە کە ئایا پاشماوەی مین بووە یان تەقەمەنییەکی دیکە.

دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمە ئەندازیارییە سەربازییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کردووە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی تەقینەوەکە. 

بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گواستراونەتە نەخۆشخانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دڵنیابوونەوەن لە سەلامەتیی ڕێگەکە بۆ تیمەکانی دیکەی خزمەتگوزاری.
ناوچە سنوورییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، بەهۆی مێژووی ململانێ سەربازییەکان و بوونی پاشماوەی مین و تەقەمەنییە چێنراوەکان، بە ناوچەی مەترسیدار دادەنرێن، زۆرجار لە کاتی کارکردنی تیمەکانی شارەوانی یان هاتووچۆی گوندنشینان لە وەرزی بەفربارین و باراندا، ئەم جۆرە تەقەمەنییانە بەهۆی داڕمانی خاک یان جوڵەی ئامێرە قورسەکان دەتەقنەوە و دەبنە هۆی قوربانیی مرۆیی. باتیفا یەکێکە لەو ناوچانەی کە ساڵانە ڕووبەڕووی شەپۆلی بەهێزی سەرما و بەفر دەبێتەوە و پاککردنەوەی ڕێگەکانی ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر شانی تیمە خزمەتگوزارییەکان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل