بەراوردی بارانی ئەمساڵ و پار، سلێمانی زۆرترینی لێ باریوە
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئەمرۆ لە هەموو ناوچەکان زیاتر باریوە جیاوازی زۆری لە پارێزگای سلێمانی بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان جیاوازی بڕی باران بارین لە نێوان ئەمساڵ و پار ساڵی تاوەکوو کاتژمێر 9ـی بەیانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەمساڵ لە پارێزگای هەولێر 182 ملم باران باریوە، بەڵام بڕی باران بارین ساڵی ڕابردوو 43 ملم بووە، جیاوازی 139 ملم بووە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوە داوە، لە پارێزگای سلێمانی 342 ملم باران باریوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو بڕی باران بارین 183 ملم بووە، جیاوازی 159 ملم بووە.
هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش، ئەمساڵ 187.4 ملم باران باریوە، ساڵی پار 44 ملم باران باریوە، جیاوازی 143.4 ملم بووە.
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئەمساڵ 256.9 ملم باران باریوە، ساڵی ڕابردوو 241.6 باران باریبوو، جیاوازی 15.3 ملم بووە.
لە دوێنێ شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکان تاوەکوو شەوی سەری ساڵ بەردەوامی دەبێت.
