دوای حەوت کاتژمێر 14 کەس لەنێو بەفر ڕزگارکران
قایمقامی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕزگارکردنی 14 هاووڵاتی ڕاگەیاند، کە لە بەرزاییەکانی سنووری کێلێ لەنێو بەفر گیریانخواردبوو. هەر بەهۆی بەفرەوە ڕێگەی زیاتر لە 60 گوندی سنووری سەردەشت بە تەواوی داخراوە.
ڕێباز میرزایی قایمقامی شاری سەردەشت بە میدیای فەرمی ئێرانی ڕاگەیاند، دوای حەوت کاتژمێر لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی فریاگوزاریی مانگی سوور و ئامێرەکانی بەفر ڕاماڵین توانراوە ژیانی ئەو 14 هاووڵاتییەی لە بەرزاییەکانی دەڤەری قەلدانی نزیک دەوازی سنووری کێلێ لە بەفر گیریانخواردبوو، ڕزگار بکەن.
لە بارەی ئەو 14 کەسەوە، میرزایی ئاماژەیداوە، شەوی ڕابردوو سەرەڕای دژواری بارودۆخی کەشوهەوا و بەفربارین، هەوڵیاندابوو لە دەروازەی کێڵی بپەڕنەوە، بەڵام لە بەفر ڕێگەی لێگرتبوون و ژیانیان کەوتبووە مەترسی.
قایمقامی سەردەشت ڕاشیگەیاند، لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکەی یەک مەتر بەفر باریوە، سەرەڕای کارکردنی بەردەوامی تیمەکانی چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان و بەفرڕاماڵین، بەڵام ڕێگەی نێوان 60 گوند و دەروازەی سنووری کێلەشین لەگەڵ شاری سەردەشت بە تەواوی داخراوە و هاتوچۆ پەکی کەوتووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، لە هەندێک ناوچە تەنیا بە بەکارهێنانی زنجیر و بەستنەوە تایەی ئۆتۆمبێلەکان، شوفێران دەتوانن هاتوچۆ بکەن، بەڵام ئەمەشی بە مەترسیدار وەسفکردووە و داوای لە دانیشتوانی گوندە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان دەکات، خۆیان لە گەشتی ناپێویست بەدوور بگرن، چونکە بەفربارین بەردەوام دەبێت مەترسی گیرخواردن زۆرە.
بەگوێرەی ناوەندی کەشناسی ئێران لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین سنووری پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکوو سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبیت.
