ئەمشەو جارێکی دیکە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سووننەکان
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سووننەکان

کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، ئەمشەو جارێکی دیکە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، لەسەر یەکلاییکردنەوەی کاندیدک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، ئەمشەو جارێکی دیکە بۆ مەبەستی یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە لە ماڵی خەمیس خەنجەر بێ ئەنجام کۆتایی هات.

کوردستان24 لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەوەی زانیوە، کە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، تا درەنگانی ئەمشەو درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات، تا ئەو کاتەی هەموو لایەنەکانی نێو ئەنجوومەنەکە دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر دیارییکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، لە نێو ئەنجوومەنەکە هەر یەکە لە هاوپەیمانیی عەزم؛ موسەننا سامەڕایی و هاوپەیمانیی تەقەدووم؛ هەیبەت حەلبووسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی خولی نوێی پەرلەمان کاندید کردووە.

سەرچاوەکە جەختیشی کردووەتەوە، "هەر هەواڵێکی دیکە لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەی ئەنجوومەنەکە بڵاو بکرێتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە ڕای ئەنجوومەکە نییە و سەرلەبەری دوورە لە ڕاستییەوە".

سەرۆک کۆماری عێراق لە مەرسومێکی کۆماریدا ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی وەک یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا شیعە، سوننە و کورد نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکانی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل