شوان کەمال: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی گەورەترین پەیکەر لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکەم

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و پەیکەرسازی کورد شوان کەمال (وێنە - ئەرشیف)
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و پەیکەرسازی کورد شوان کەمال (وێنە - ئەرشیف)

شوان کەمال، هونەرمەندی پەیکەرساز پرۆژەی نوێ و داهاتووی بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردە و داواکاریی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترین پەیکەر لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکەم.

هونەرمەندی پەیکەرساز، شوان کەمال ئێستا نیشتەجێی سویدە و لەو چاوپێکەوتنێکی تایبەتەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان24، جیا لە باسی پیشە و کارە هونەرییەکانی، ئاماژەی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و دونیادیدەی مەسرور بارزانی و بەستنەوەی بە دیدێکی نیشتمانی قووڵەوە کرد و دەڵێت: مەسرور بارزانی وایکردووە کوردستان لەهەموو بوارەکاندا ببووژێتەوە.

هەروەها ئاشکرای کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین پەیکەرە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئامادە نەبوو باسی وردەکارییەکان بکات، وەک ئەوەی بیەوێت بیکاتە مژدە  و سوپرایزێک، تەنیا گوتی: ئێستا سەرقاڵی نەخشەکێشانی پڕۆژەیەکی مۆنۆمێنتالی مەزنم، کە دروستکردنی گەورەترین پەیکەرە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". 

گوتیشی: ئەم کارە شاکارێکی نیشتمانی دەبێت و بە هاوکاریی ئەندازیاری و تەلارسازیی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت، تا ببێتە گوزارشتێکی باڵا لەو بووژانەوە و شکۆیەی کە کوردستان شایستەیەتی".

شوان کەمال، هونەرمەندی پەیکەرساز، ساڵی 1967 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی 1982 بۆ ساڵی 1987 لە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی - بەشی ھونەری خوێندووە، بە پلەی یەکەم بڕوانامەی دبلۆمی لە ھونەری پەیکەرسازی بەدەستھێناوە، پاشان لە ئەکادیمیای ھونەریی زانکۆی بەغدا درێژە بەخوێندنی بوارەکەیدا داوە، لە ساڵی 1991 بڕوانامەی بکالۆریۆسی لە ھونەریی پەیکەرسازی بەدەستھێناوە و ھەر ئەو ساڵە بووەتە مامۆستای ھونەری لە بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

کوردستان24: بەکێ دەگوترێت پەیکەرسازی باش؟

شوان کەمال: هونەرمەند پەیکەرسازی باش ئەو کەسەیە کە دەزانێت چۆن گفتوگۆ لەگەڵ بێدەنگی ماددە دا بکات و ساردیی کانزا بگۆڕێت بۆ گەرمییەکی مرۆیی، پەیکەرسازیی لای من تەنیا تاشینی تەنەکان نییە، بەڵکو سێکوچکەیەکە لەنێوان "بەهرەیەک کە لە ڕۆحەوە هەڵدەقوڵێت، زانستێکی ئەکادیمی، کە ڕێگەکە ڕوون دەکاتەوە، و ئەزموونێکی پراکتیکی کە دەستەکان دەخاتە دیالۆگ لەگەڵ فەزادا".

پەیکەرسازی باش ئەو جادوگەرەیە کاتێک بینەر لەبەردەم کارەکەیدا دەوەستێت، هەست ناکات لەبەردەم پارچە برۆنزێکی بێگیاندایە، بەڵکو هەست دەکات لەبەردەم "کاتێکی ڕاوەستاو"دایە کە خەریکە چیرۆکێکی بۆ دەگێڕێتەوە. هونەرمەند دەبێت وەک فەیلەسوفێک لە فەزا تێبگات و وەک شاعیرێک کێش و سەروای فۆرمەکان ڕێکبخات، تا بتوانێت شتێک بخولقێنێت کە بەرگەی زەمەن بگرێت.

مۆنۆمێنتی فێلیکس مێندێلسۆن بارتۆڵدی، دوسێلدۆرف -  ئەڵمانیا شوان کەمال لە ساڵی 2012

کوردستان24: ئەزموونی دەرەوەی وڵات، چی کاریگەرییەکی کردە سەر تۆ لەڕووی کارە هونەرییەکانتەوە؟

شوان کەمال: ئەزموونی من لە دەرەوەی وڵات تەنیا کۆچێکی جوگرافی نەبوو، بەڵکو گەشتێکی زانستی و مەعریفیی قووڵ بوو بۆ ناو جەرگەی مۆدێرنیتی هونەری، کاروانی ئەکادیمی من بە درەوشاوەیی دەستیپێکرد، کاتێک توانیم بڕوانامەی دبلۆم بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان و دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنم، جگە لەوەی زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی کارکردنی نەپچڕاوەم لە گرنگترین ناوەند و کارگە جیهانییەکانی پەیکەرسازی لە ئەڵمانیا و سوید هەبووە.

من بۆ ماوەی 12 ساڵ بە شێوەیەکی چڕوپڕی ئەکادیمی لە کایەی پەیکەرسازیدا ڕاهاتووم، لوتکەی ئەم کاروانە زانستییەش لە ساڵی 2019دا بوو، کاتێک لە زانکۆکانی ستۆکهۆڵم بڕوانامەی بەرز و تایبەتمەندی لە هونەری شێوەکاری و تایبەتمەندی لە پەیکەرسازیدا بەدەستهێن، ئەو پاشخانە ئەکادیمی و پیشەییە وای لێکردم زمانێکی نوێ بۆ دەربڕین بدۆزمەوە، زمانێک کە ڕەسەنایەتی کوردی خۆم بە تەکنیکێکی جیهانی وەها دابڕێژم کە لە مۆزەخانە و گەلەرییە هەرە ناودارەکانی ئەوروپادا وەک زمانێکی گەردوونی تێی بڕوانرێت.

کوردستان24: چەند پەیکەرت لە کوردستان و دەرەوەی وڵات لە شەقام یان پارکەکان دانراوە؟

شوان کەمال: ژیانی هونەریی من وەک تێکستێکی سێ ڕەهەندییە و کاروانی کارکردنم بەسەر سێ قۆناغی تەواوکەردا دابەش دەبێت، قۆناغی یەکەم وەکو پیشەگەریی و تاقیکردنەوە مەزنەکان، لێرەدا وەک شارەزایەک لە کارگە جیهانییەکان کارم کردووە و دەستەکانم فێری ملکەچکردنی برۆنز و ئاسن بوون بۆ پڕۆژە زەبەلاحەکان، ئەوە قۆناغی بژێوی و دەوڵەمەندکردنی سەلیقەی هونەری و تەکنیکیی من بوو. 

دووەم، وەکو قۆناغی مۆنۆمێنت و یادەوەریی بەکۆمەڵ، ئەو کارانەی کە واژۆی "شوان کەمال"یان لەسەرە و لە شەقام و پارکەکانی ئەڵمانیا، سوید و کوردستان جێگیر کراون. ئەمانە دیالۆگی منن لەگەڵ مێژوودا، من لێرەدا تەنیا پەیکەرم نەکردووە، بەڵکو ناسنامەی نەتەوەیەکم لە فەوتان پاراستووە. 

سێیەم، وەکو قۆناغی داهێنانی ئازاد و ڕۆحی، ئەمە پیرۆزترین بەشی کارکردنی منە. ئەو کارە هونەرییانەی کە هەڵقوڵاوی دید و بۆچوونی هونەری خۆمن و پابەندی هیچ داواکاری و سنوورێک نین، ئەمانە وەک "بەڵگەنامەی ڕۆحی" خۆم دەپارێزم و هەڵیان دەگرم بۆ پێشانگە تایبەتییەکانم، چونکە لێرەدا هونەرمەندەکە بەبێ هیچ دەستێوەردانێک، ڕاستەوخۆ دەبێتە ئاوێنەی فەلسەفەی خۆی.

پەیکەری شاسوار ئەرنۆلد رۆز – هۆڵی شارۆچکەی ئێلبەرفیڵد - ئەڵمانیا

کوردستان24: چی کەرەستەیەک بۆ دروستکردنی پەیکەرەکانت بەکار دەهێنی؟

شوان کەمال: کەرەستە لای من تەنیا کەرەستەیەکی خاو نییە، بەڵکو "زمان"ە، بەهۆی ئەو 30 ساڵەی لە ناو ئاگر و ئاسنی کارگە پسپۆڕەکاندا بەسەرم برد، شارەزاییەکی باڵام لە مامەڵەکردن لەگەڵ برۆنز، ئاسن و ئەلەمنیۆمدا هەیە، کاتێک لەگەڵ برۆنز کار دەکەم، وا هەست دەکەم لەگەڵ "ئەبەدییەت"دا دەدوێم، چونکە ئەم کەرەستەیە شکۆیەکی مێژوویی هەیە و بەرگەی تێپەڕبوونی سەدەکان دەگرێت. بەڵام لە کارە تایبەتییەکانمدا، هەوڵ دەدەم دار و بەرد و ماددەکانی تریش تێکەڵ بکەم تا ململانێی نێوان ڕەقی و ناسکی پیشان بدەم، من ئێستا گەیشتوومەتە قۆناغێک کە بە کانزا دەنووسم و بە ئاگر فۆرمەکان دەخوێنمەوە، کەرەستە لای من ئەو جەستەیەیە کە ڕۆحی بیرۆکەکەی تێدا نیشتەجێ دەبێت.

کوردستان24: پەیکەرەکانت گوزارشت لە چی پەیامێک دەکات؟ 

شوان کەمال: پەیامی کارەکانی من "مرۆڤ"ـە لە هەموو بارودۆخەکانیدا، مرۆڤی تەنیا، مرۆڤی تێکشکاو، مرۆڤی هیوادار، من دەمەوێت لە ڕێگەی فۆرمەوە باس لە دادپەروەری، ئازادی و ئەو ناسنامە مێژووییە بکەم، کە مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕ دەبێت، هەر پەیکەرێکی من پەیامێکی بێدەنگە بۆ جیهان، کە تێیدا ئازارەکان دەبنە جوانی و برینەکان دەبنە شایەتی مێژوویی، من دەمەوێت لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە ڕێز لە بوونی مرۆڤ بگرم و ئەو ڕاستییە بسەلمێنم کە جوانی، تاقە چەکێکە دەتوانێت ڕووبەڕووی جەنگ و وێرانکاری ببێتەوە.

پەیكەری یارمەتیدانی هەژاران - شاری فوپەرتاڵ - ئەڵمانیا

کوردستان24: چەند پێشانگەی هاوبەش و تایبەتت لە کوردستان و دەرەوە کردووەتەوە؟

 شوان کەمال: لە کاروانی هونەریمدا، پێشانگە تەنیا وێستگەیەک نەبووە بۆ نمایش، بەڵکو زمانێک بووە بۆ گفتووگۆ لەگەڵ جیهان، من دەیان پێشانگەی تایبەت و هاوبەشم لە عێراق، کوردستان، ئەوروپا و جیهان کردووەتەوە و چەندین خەڵاتی هونەریشم پێبەخشراوە، وەک خەڵاتی "باشترین پەیکەرساز" لە پێشانگەی هاوبەشی هونەرمەندانی کوردستان لە ساڵی 1993 لە هۆڵی "سورکێو" لە سلێمانی، دواتر و لە ساڵی 2011دا، ئەو پێشانگە تایبەتییانەی لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامم دان، بوونە وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی پەیکەرسازی کوردستاندا، جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە لەوێدا کارەکانم بوونە جێی سەرنجی هاوڵاتیان و هونەرمەندان و هەوادارانی هونەر و میدیاکانی کوردستان و عێراق و نیشتمانی عەرەبیش.

 کوردستان24: چی پەیکەرێکت جوانترین پەیام بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت؟

شوان کەمال: دیاریکردنی یەک کار وەک باشترین کار کارێکی ئەستەمە، چونکە هەر یەکێکیان پارچەیەکە لە تەمەن و ڕۆحی من، بەڵام ئەگەر باس لە کاریگەری و مەزنی کارەکان بکەین، من خاوەنی چەندین پڕۆژەی مۆنۆمێنتالی گەورەم کە لە فەزای گشتی شارەکانی کوردستان و ئەوروپادا وەک شایەتی مێژوویی وەستاون، لە کوردستان، کارەکانم لە شارەکانی هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر ناسنامەی ئەو شوێنانەن، لە ئەڵمانیا، زياتر لە 10 پەیکەری قەبارە گەورەم هەیە، کە لەبەردەم کۆشکی مۆزەخانەکان، ڕاتهاوس و ئۆپێرا ناودارەکاندا جێگیر کراون.

لە مەملەکەتی سویدیش، چەندین پەیکەرم لەبەردەم مۆزەخانەکان، کۆشکی شارەوانی و کتێبخانە گشتییەکاندا بوونەتە بەشێک لە کولتووری ئەو وڵاتە، یەکێک لە شانازییە گەورەکانی کاروانی هونەریم، کۆتا کارم بوو لە سوید کە لەسەر داواکاریی شای سوید ئەنجامم دا، پڕۆژەکە کارێکی مێژوویی بڕۆنزی بوو کە لەبەردەم باڵەخانەی ڕاتهاوسی شاری "ترێلەبۆری" لە باشووری سوید دانرا، هەموو ئەم کارە مەزنانە، واژۆ و ناوی خۆمیان بۆ مێژوو لەسەر هەڵکۆڵدراوە، تا وەک بەڵگەیەک لەسەر توانای هونەرمەندی کورد لە ناو جەرگەی ئەوروپادا بمێننەوە.

کوردستان24: بە دروستکردنی پەیکەری "جەستەی ئافرەت" دەتەوێ چی بڵێیت؟

پەیکەری دادپەروەری (یوستیسیا) باڵەخانەی دادگای هەولێر

شوان کەمال: جەستەی ئافرەت لە فەلسەفەی هونەریی مندا، هێمایە بۆ "ژیان" و "بەردەوامی" و "زەوی"، ژن وەک نیشتمان، وەک سەرچاوەی جوانی و وەک قوربانییەکی هەمیشەیی مێژوو، کاتێک جەستەی ئافرەت دەتاشم، تەنیا جەستەیەکی ڕووت نابینم، بەڵکو ئەو هێزە شاراوە و پیرۆزە دەبینم کە لەناو ناسکییەکەیدا حەشار دراوە، دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم فۆرمانەوە ڕێز لەو ئازارە بێدەنگانە بگرم کە ژن لە مێژوودا پێشکەشی کردووە و نیشانی بدەم کە ژن، ڕەگی ژیانە و بەبێ ئەو، فۆرم و جوانی هیچ مانایەکیان نامێنێت.

کوردستان24: پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟

شوان کەمال: ئێستا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و گەورەترین پڕۆژەی ژیانمدام، وەک ئاشکرایە کوردستان ئەمڕۆ پێشکەوتنێکی گەورەی ئاوەدانی و ژێرخانی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم بەرهەمی بیروبۆچوون و دونیادیدەی جەنابی سەرۆک وەزیران، کاک مەسرور بارزانییە،  تێڕوانینی نوێ و مۆدێرنی بەڕێزیان و بەستنەوەی بە دیدێکی نیشتمانیی قوڵەوە، وایکردووە کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ببووژێتەوە، کە بێگومان لایەنی کولتووری و هونەرییش فەرامۆش نەکراون.

لەسەر داواکاری و ڕاسپاردەی بەڕێزیان، لە مانگی 4ی ئەمساڵدا سەردانی هەولێرم کرد و لە نزیکەوە گفتوگۆیەکی چڕمان دەربارەی هونەری پەیکەرسازی کرد، لەو سۆنگەیەوە، ئێستا سەرقاڵی نەخشەکێشانی پڕۆژەیەکی مۆنۆمێنتالی مەزنم، دروستکردنی گەورەترین پەیکەر لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەم کارە شاکارێکی نیشتمانی دەبێت کە بە هاوکاری تیمێکی پسپۆڕی ئەندازیاری و تەلارسازیی کوردی و کۆمپانیایەکی جیهانی شارەزا جێبەجێ دەکرێت، تا ببێتە گوزارشتێکی باڵا لەو بووژانەوە و شکۆیەی کە کوردستان شایستەیەتی.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل