ترەمپ: پەیوەندییەکی بەرهەمدارم لەگەڵ پوتن ئەنجامدا

دۆناڵد ترەمپ و ڤلادمێر پوتن
دۆناڵد ترەمپ و ڤلادمێر پوتن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەنگاوێکی تاقیکاریی گرنگدا بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەرێنی و بەرهەمداری لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامداوە.

 ئەم گفتوگۆیە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دێت کە بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە نێوان ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیاڵ) جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتن زۆر باش بوون و زەمینەسازییەکی گونجاویان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو کردووە، بڕیارە کاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ترەمپ لە کۆشکی مار ئە لاگۆ پێشوازی لە سەرۆکی ئۆکرانیا بکات.

چاودێرانی سیاسی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ترەمپ لەگەڵ پوتن، پێش دیدارەکەی لەگەڵ زێلێنیسکی، وەک پەیامێکی ڕاشکاوی واشنتن دەبینن بۆ ئەوەی ئەمەریکا ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا بگێڕێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی مار ئە لاگۆدا، پێشنیازە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی خێرا بخرێنە بەردەم زێلێنیسکی.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای گەیشتنیشی بە دەسەڵات، بەردەوام بەڵێنی ئەوەی داوە کە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە کورتترین ماوەدا کۆتایی پێ بهێنێت، ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە ناڕاستەوخۆیە (پەیوەندی لەگەڵ پوتن و دیدار لەگەڵ زێلێنیسکی) لە کاتێکدایە کە جەنگەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و ئەوروپا و هاوپەیمانانی ناتۆ بە وردی چاودێریی سیاسەتە نوێیەکانی کۆشکی سپی دەکەن، بەکارهێنانی کۆشکی مار ئە لاگۆ وەک ناوەندێکی دیپلۆماسی، نیشانەی ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت بە شێوازێکی کەسی و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی دۆسێیە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان بکات، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە ئاسایشی جیهانی بپارێزێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل