ڕامی عەبدولڕەحمان بۆ کوردستان 24: ئەنجوومەنی شوورا حاکمی ڕاستەقینەی سووریایە و ڕێگری لە ڕێککەوتنی هەسەدە دەکات

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پەردە لەسەر ئەو هێزە شاراوانە لادەبات کە بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا ئاڕاستە دەکەن.

 ئەو ئاشکرای دەکات کە گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا لە پشت ئاڵۆزییەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبن و لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی شوورای تەحریری شام وەک بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا وەستاوەتەوە.

لەبارەی دۆخی شاری حەلەب، ڕامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لە لایەن گروپە ڕەگەزپەرست و تائیفییەکانی سەر بە تورکیاوە ئەنجام دەدرێن کە ئێستا لە ژێر چەتری هێزە حکوومییەکاندا کار دەکەن. 

ناوبراو ڕەخنەی توندی لە میدیا فەرمییەکان و هەندێک کەناڵی عەرەبی گرت کە بە گوتەی ئەو، خەریکی بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و درۆن و هەوڵ دەدەن هێزە کوردییەکان بە دەستپێشخەری شەڕ تۆمەتبار بکەن، لە کاتێکدا بەڵگەکان دەسەلمێنن کە گروپە چەکدارەکان یەکەم فیشەکیان تەقاندووە.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان 24، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری وردەکاریی پێشنیازێکی ئەمەریکی بۆ داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد. 

بەپێی ئەو پلانە، بڕیارە هەسەدە وەک یەکەیەکی سەربازیی یەکگرتوو لە ژێر ناوی فەیلەقی باکووری ڕۆژهەڵات بچێتە ناو سوپای نوێی سووریاوە

. هەروەها پێشنیاز کراوە کە 25 بۆ 30 لەسەدی سەرکردایەتی ئەرکانی سوپا و وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرپرسانی هەسەدە بێت، لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و یەکەکانی دژەتیرۆر وەک هێزی تایبەت لە ناوچەکانی خۆیان بۆ شەڕی دژی داعش.

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم ڕێککەوتنە، ڕامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە سووریا لە دەست وەزیرەکان یان ئەحمەد شەرع (جۆلانی)دا نییە، بەڵکو لە دەست ئەنجوومەنی شوورای تەحریری شام دایە. 

ئەم ئەنجوومەنە تا ئێستا ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردووەتەوە، چونکە دەترسن ئەگەر هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بێتە ناو سوپاوە، لە داهاتوودا ببێتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی جۆلانی و کودەتای بەسەردا بکەن.

 چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا، چارەنووسی ئەم ڕێککەوتنە و وەڵامی کۆتایی ئەنجوومەنی شوورا بۆ پێشنیازەکان ڕوون ببێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل