کەشناسی: پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی سەرما و بارستە هەوایەکی جەمسەری بۆ سەر ناوچەکە دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشبینی دەکرێت لە بەرەبەیانی سبەی دووشەممەوە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزن، بە جۆرێک لە ناوچە سنوورییەکان بگەنە ژێر سفری سیلیزی و لە سەنتەری پارێزگاکانیشدا لە پلەی سفر نزیک ببنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئەمشەو کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە باران و بەفرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دروستبوونی تەمێکی چڕ دەکرێت کە تا کاتەکانی بەرەبەیانی سبەی کاریگەرییەکەی دەمێنێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە کەشوهەوادا دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بارانبارین و بەفر بارینی زۆریان بەخۆوە بینیوە.
کەشناسی هەرێم ئاماری بارانبارینی 12 کاتژمێری ڕابردووی (لە کاتژمێر 9ی بەیانی تا 9ی شەو) بڵاوکردەوە، تێیدا بەرزترین ڕێژە لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراوە، ئامارەکان بە ملیم بەم شێوەیەن:
هەولێر: 15.6
پیرمام: 35.4
سلێمانی: 18.3
هەڵەبجە: 37.4
دەربەندیخان: 24.8
هەڵشۆ: 25
بارزان: 20.6
مەیدان: 19
بازیان: 18.6
خانقین: 17.2
ئاکرێ: 16
سۆران: 14.6
چمچماڵ: 13.3
کەلار: 9.8
شەمامک: 9.4
خەبات: 9.4
کەرکوک: 6.8
دوزخورماتو: 6
بامەرنی: 5.4
دهۆک: 3.2
زاخۆ: 0.2
ئەم بارستە هەوا ساردە جەمسەرییەی کە بڕیارە سبەی بگات، دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و سەرما و سۆڵەیەکی زۆر، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا، کە پێویست دەکات هاووڵاتییان ڕێکاری پێویست بۆ خۆپارێزی بگرنە بەر.
