سوپای چین مانۆری ئەرکی دادپەروەریی 2025 لە دەورووبەری تایوان ئەنجام دەدات

سوپای چین مانۆڕێکی فراوانی سەربازیی لە دەورووبەری دوورگەی تایوان دەسپێکرد، مانۆرەکە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی چین بڕیاری سزادانی 20 کۆمپانیای پیشەسازی سەربازیی ڕاگەیاند، بەهۆی فرۆشتنی چەک بە تایوان.

دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، فەرماندەیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سوپای ڕزگاریی گەلی چین لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم مانۆڕەدا کەشتیی و فڕۆکەی جەنگی، بۆمبهاوێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنرێن. مەشقەکان لە ئەمڕۆوە دەستیان پێکردووە، تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە ئامانجە دەریاییەکانی باکوور و باشووری ڕۆژئاوای تایوان لەخۆدەگرن.

لە بەرانبەردا، تایوان هێزەکانی خستووەتە ئامادەباشییەوە و ڕایگەیاندووە، هێزی گونجاو و ناوەندی وەڵامدانەوەی خێرای بۆ بەرپەچدانەوەی هەر ئەگەرێک، جێگیر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و بە هەڕەشەی سەربازی و پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی بردووە.

ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، ئەم نمایشە سەربازییەی چین دوای زنجیرەیەک ئاڵۆزی دێت، لەوانە لێدوانەکانی سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، کە ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ تایوان کردبوو، ئەمەش بەیژینگی تووڕە کرد و وایکرد باڵیۆزی ژاپۆن بانگهێشت بکات.

هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی ئەم مانۆڕە، واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێی کڕینی چەک بوو لەلایەن تایبەوە لەگەڵ ئەمەریکا بە بەهای 11.1 ملیار دۆلار، کە دووەم گرێبەستی لەو شێوەیەیە لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.

لەلایەن خۆیەوە پەکین لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوەدا، هەفتەی ڕابردوو سزای بەسەر 20 کۆمپانیای بەرگریی ئەمەریکیدا سەپاند.

کۆلۆنێل شی یی، گوتەبێژی فەرماندەیی ڕۆژهەڵاتی سوپای چین ڕایگەیاند، ئەم مانۆڕە کە ناوی لێنراوە "ئەرکی دادپەروەریی 2025"، هۆشدارییەکی توندە بۆ هێزە جوداخوازەکانی تایوان و هەنگاوێکی شەرعییە بۆ پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی چین.

بەگوێرەی نەخشە بڵاوکراوەکان، مانۆڕەکە پێنج ناوچەی ستراتیژی لە دەوروبەری دوورگەکە دەگرێتەوە و هۆشداری دراوە بە کەشتی و فڕۆکە مەدەنییەکان کە لەو ناوچانە نزیک نەبنەوە. هاوکات پاسەوانی سنووری تایوان ئاشکرای کردووە کە چوار کەشتیی پاسەوانی چینییان لە نزیک کەناراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دوورگەکە بەدی کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل