پزیشکێکی پسپۆڕ هۆشداری لە مەترسییەکانی قەترەی لووت دەدات
دکتۆر ڤلادیمێر زایتسێڤ، پسپۆڕی ناسراوی نەخۆشییەکانی گوێ و لووت و قوڕگ، هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی بەکارهێنانی قەترەی لووت بۆ ماوەیەکی درێژ و ڕایگەیاند، ئەو دەرمانانەی کار بۆ بەرتەسککردنەوەی خوێنبەرەکان دەکەن، دەبنە هۆی پەکخستنی سیستەمی سروشتیی جەستە و دروستبوونی مەترسی.
ئەو پزیشکە ڕوونی کردەوە، لە دۆخی ئاساییدا جەستە خۆی لە ڕێگەی دەردانی سروشتیی "ئەدرنالین"ەوە قەبارەی بۆرییەکانی خوێن لە لووتدا ڕێکدەخات. بەڵام بەکارهێنانی زۆری ئەو قەترانەی ماددەکانی (زایلۆمیتازۆلین یان ئۆکسیمیتازۆلین)یان تێدایە، وا لە جەستە دەکات دەستبەرداری ئەرکە سروشتییەکەی ببێت و بە تەواوی وابەستەی ماددە کیمیاییەکانی ناو قەترەکە ببێت.
دکتۆر زایتسێڤ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم دڵۆپانە دەبنە هۆی ئالوودەبوونێکی ڕاستەقینە، چونکە جێگەی ئەدرنالینی سروشتی دەگرنەوە. بە تێپەڕبوونی کات، مرۆڤ تووشی سووڕێکی خراپ دەبێت و ناتوانێت بەبێ بەکارهێنانی دەرمانەکە بە ئاسایی هەناسە بدات."
ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاری نەخۆشان دەکات ئەم دەرمانانە تەنیا لە کاتی زۆر پێویست و بۆ ماوەیەکی زۆر کورت (کە لە چەند ڕۆژێک تێپەڕ نەکات) بەکاربهێنن. ئەمەش بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە جەستە تا بتوانێت ڕێکخستنی سروشتیی بۆرییەکانی خوێن بگەڕێنێتەوە و تووشی گیرانی توندی لووت نەبن.
لە حاڵەتی تووشبوون بە ئالوودەبوون بەو قەترانە، پزیشکەکە چەند ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون پێشنیاز دەکات:
کەمکردنەوەی جارەکانی بەکارهێنانی قەترەکە تا وەستاندنی یەکجاری و ئەگەر سوودی نەبوو، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت. هەروەها بەکارهێنانی چارەسەری ئاساییبوونەوەی هەناسەدان.
