حکوومەتی هەرێم چەند بڕیارێک بۆ میدیاکان سەبارەت بە رووماڵکردنی رووداوە ئەمنییەکان دەردەکات

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان لە بارودۆخی ئێستادا، کۆمەڵێک رێنمایی و قەدەغەکاریی نوێی بۆ سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەرکرد.

شەممە 7ـی ئاداری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەینداروێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان لە بارودۆخی ئێستادا، کۆمەڵێک رێنمایی و قەدەغەکاریی نوێی بۆ سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەرکرد.

 لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا ئەم کارانەی خوارەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن:

1.   بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆ یان وێنەی ئاراستەکردنی درۆن و مووشەک، هەروەها دیاریکردنی شوێن و کاتی کەوتنەخوارەوەیان و نیشاندانی شوێنە زیانپێکەوتووەکان.

2.   بڵاوکردنەوەی ناونیشان و شوێنی وردی (Location) کەوتنەخوارەوەی مووشەک و درۆنەکان و باسکردنی قەبارەی زیانەکان. 

3.   وێنەگرتن یان تۆمارکردنی ڤیدیۆیی شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان، جموجۆڵی هێزەکان، چەک و تەقەمەنی، دامەزراوە حکومییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری هۆشداری دەداتە رۆژنامەنووسان کە پێویستە لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەی لەلایەن خەڵکەوە بۆیان دەنێردرێت زۆر وریا بن، تاوەکو هیچ وێنەیەکی هەستیار یان ژێرخانی ئەمنی تێدا دەرنەکەوێت.

هەروەها حکوومەت داوا لە دامەزراوەکانی میدیا دەکات بۆ رووماڵکردنی رووداوە ئەمنییەکان، هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ زانیارییەکی هەستیار بێ مەبەست ئاشکرا نەکرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هەر دەزگایەکی میدیایی یان میدیاکارێک سەرپێچی ئەم رێنماییانە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.