هەسەدە: دیمەشق دەوروبەری بەنداوی تشرینی تۆپباران کرد

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق پێشێلکارییەکی نوێی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان ئەنجامداوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەکانی چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و تۆپخانە، دەوروبەری یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە بەنداوی تشرین تۆپباران کردووە

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستدایە، بەڵام هەسەدە جەخت دەکاتەوە، ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.
بەنداوی تشرین کە دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات، یەکێکە لە گرنگترین وێستگە ستراتیژییەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا و ئاو بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم ناوچەیە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە گۆڕەپانی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و لایەنە چەکدارەکانی دیکە، هێرشکردنە سەر دەوروبەری بەنداوەکە و ناوچە نیشتەجێبووەکان، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل و کارمەندانی وێستگەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکەدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل