هاتووچۆی ڕاپەڕین هۆشداریی دەداتە شۆفێران

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەڕین ئاگاداری شۆفێران و هاووڵاتیان دەکاتەوە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی ئاستەنگ، تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست و ناچاریی ڕوو لە ڕێگەکانی دەرەوەی شار بکەن، چونکە چەندین شاڕێی سەرەکی ناوچەکە بە تەواوی داخراون یان هاتووچۆ تێیاندا ئەستەم بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ڕاپەڕین بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەوە، ڕێگەکانی (زینەتیر، سەروچاوە، زینی وەرتێ، کێلێ، خەلیفان و دۆڵی شاورێ) تووشی ئاستەنگی هاتوچۆ بوونەتەوە و بەشێکیان بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە بە ڕووی شۆفێراندا داخراون. 

هاتووچۆی ڕاپەڕین داوا لە هاووڵاتیان دەکات سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان نەکەنە قوربانی چەند ساتێکی کات بەسەربردن لەناو بەفردا، جەخت دەکاتەوە لەوەی، پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییانەوە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی سەختی بەفربارین و تەمومژ دەبنەوە، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی گواستنەوە لە نێوان شارۆچکەکاندا. تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان بۆ کردنەوەی ڕێگەکان، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، مەترسی خلیسکانی ئۆتۆمبێل و پەککەوتنی ڕێگەکان وەک مەترسی تەواو بۆ سەر ژیانی شۆفێران دەبینرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل