ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی دواین شەپۆلی بارانبارین و لافاو، داهاتی ئاو لە سەرچاوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنها لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان گلدراوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان کە ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکەی دوێنێ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بە بڕی 85 سانتیمەتر لە بەنداوی دوکان و 60 سانتیمەتر لە بەنداوی دەربەندیخان، هەروەها لە بەنداوی گۆمەسپان 60 سانتیمەتر و لە بەنداوی دهۆک 16 سانتیمەتر ئاو زیادی کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی بەنداوە بچووکەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان بە سەلامەتی شەپۆلەکەیان تێپەڕاندووە و زۆربەیان پڕ بوون، ئەوانی تریش بڕێکی زۆر ئاویان تێدا خەزن کراوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەردەوام بێت و داهاتی ئاوی بەنداوە گەورەکان زیاتر بەرز بێتەوە.
بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان نەک تەنیا وەک سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ، بەڵکو وەک ژێرخانێکی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و پاراستنی ئاسایشی ئاو هەژمار دەکرێن.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، بەنداوەکان ڕووبەڕووی مەترسی کەمبوونەوەی ئاو ببوونەوە، بەڵام ئەم بووژانەوەیەی ئێستا وایکردووە هەرێمی کوردستان بە کەشێکی تەڕ و پڕ لە باران پێ بنێتە ساڵی نوێی 2026، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی و گەورەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی و گەشتوگوزار دەبێت.
