بەفر ئاستەنگی هاتوچۆی لە سنووری پیرمام و شەقڵاوە دروست کردووە

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ڕووی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر کردووە، لە سنووری قایمقامیەتی پیرمام و قەزای شەقڵاوە ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بووە.

 کاروان کەریم خان، قایمقامی پیرمام لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، دوایین زانیارییەکانی لەسەر دۆخی ڕێگەوبانەکان و هەوڵی تیمەکان خستە ڕوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بارینی بەفرێکی زۆر بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە چەند خاڵێکی سەرەکی، بەتایبەت لە مەودای نێوان تونێلی پیرمام تاوەکو شەقڵاوە، هەروەها پێچەکانی پیرمام و ناوچەی بەستۆڕە بەهۆی کۆبۆنەوەی بەفرەوە هاتوچۆی تێدا ئەستەم بووە.

ئێستا تیمەکانی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان، شارەوانی، بەرگری شارستانی و تیمە مرۆییەکان بە چڕی لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێ کراوە و سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفر و کردنەوەی ڕێگاکانن بۆ ئەوەی دۆخەکە بەزوویی ئاسایی بکرێتەوە.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکانی سەرما و بەفربارین، ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری هەولێر بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی هاتوچۆ دەبنەوە، قایمقامی پیرمام داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان، ئەگەر کاری زۆر پێویستیان نەبێت، ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - مەسیف بەکار نەهێنن تا ئەو کاتەی تیمەکان ڕێگاکە بە تەواوی پاک دەکەنەوە و مەترسییەکانی خلیسکان دەڕەوێننەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل