بەنگین ڕێکانی: ئەگەر ئەنجامەکان بە دڵی پارتی نەبێت، هەڵوێستمان دەبێت

بەنگین ڕێکانی، ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەگەر ئەنجامەکان بە دڵی پارتی نەبێت، پارتی هەڵویستی دەبێت و ئەگەری هەیە لە پرۆسەی سیاسی بکشێتەوە.
بەنگین ڕێکانی ڕایگەیاند، بەهۆی ململانێ سیاسییەکان و دابەشبوونی دەنگی لایەنەکان، نەیتوانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلا بکاتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بەدەستهێنانی 167 دەنگ لەم بارودۆخەدا کارێکی زەحمەتە و پرۆسەکە پێویستی بە کات و گفتوگۆی زیاترە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، بەنگین ڕێکانی ئاشکرای کرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان، دەرکەوتووە کە جیاوازییەکی زۆر لە بۆچوونەکاندا هەیە.

 ڕێکانی گوتی کە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە سیاسی و کەسییە و تەنیا پەیوەندی بە ڕێکارەکانەوە نییە،ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو حزبە لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا پشتیوانی لە بەربژێری پارتی نەکردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە سوننە و شیعەکانیش هاوشێوەی کورد دابەشبوون و یەکدەنگ نین، ئەمەش وایکردووە گەیشتن بە زۆرینەی ڕەها پەک بکەوێت. 

بەنگین ڕێکانی ئەوەی ئاشکرا  کرد کە، دەنگ نەدان بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بوون بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، کاریگەریی لەسەر دروستکردنی کابینەی نوێی حکوومەت دەبێت، چونکە ئەگەر ئەنجامەکان بە دڵی پارتی نەبێت، هەڵوێستمان دەبێت،  گوتی:  هەڵویستی پارتی نەگۆڕ و ڕوونە، پارتی لەسەر هەڵویستی خۆی دەمێنێتەوە.

 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل