ئەندامێکی دیکەی کورد بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین زیاد کرا
ژمارەی ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین بۆ دوو ئەندام بەرز دەبێتەوە، دوای ئەوەی ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوت و کاندیدێکی کورد جێگەی دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاوە شێخانی، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەددین بۆ کاروباری حکوومەت و هەرێم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەی ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەبێتە دوو ئەندام.
گوتیشی، "تارا جەلال لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی زۆرترین دەنگە و جێگەی ئەشواق جبوری دەگرێتەوە کە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتووە و دەچێتە پەرلەمان."
بەم گۆڕانکارییە، ژمارەی ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە کۆی 15 ئەندام دەبێتە دوو ئەندام. پێشتر تەنیا یەک نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنەکەدا هەبوو، ئەویش یاسین داوودی بوو لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان)، لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ ئەنجام درا. ئەم هەڵبژاردنە دوای نزیکەی 10 ساڵ لە دواخستنی بەڕێوەچوو.
لە 4ی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری نوێ هەڵبژێردران. کورد لەم هەڵبژاردنەدا بە چەند لیستێکی جیاواز بەشداریی کرد بە ئامانجی پاراستنی ماف و ناسنامەی کورد لەو ناوچانە.
