پارێزگاری سنە: بەفر ڕێگەی 400 گوندی پارێزگاکەی داخستووە
ئارەش زرەتەن لهۆنی، پارێزگاری سنە، ڕایگەیاند، بەفر و زریان ڕێگەی 400 گوندی سنووری پارێزگاکەیان بەستووە و کارەبای 300 گوندیش پچڕاندوە.
سێشەممە، 30 کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'میهر' بڵاوی کردەوە، ئارەش زرەتەن لهۆنی، پارێزگاری سنە، لە کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکاندا، ڕایگەیاند "لە ئەنجامی بارینی بەفر و زریانی بەهێزی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگەی هاتوچۆی 400 گوند بەستراوە و کارەبای 300 گوندیش پچڕاوە. جگە لەوەش هێلی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی زیاتر لە 91 گوندیش لەکار کەوتوون."
لهۆنی، جەختی کردەوە لەوەی "کاری لە پێشینەی ئێمە ڕزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لە ڕێگەکاندا گیریان خواردووە و پاشان چاککردنەوەی کارەبا و هێلی ئینتەرنێت و تەلەفۆنە."
پارێزگاری سنە، گوتیشی: پاش پاککردنەوە و ڕاماڵینی بەفری ڕێگە سەرەکییەکان، پاککردنەوەی ڕێگەی گوندەکان دەست پێ دەکەن و پاشان تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا دەست بە چاککردنەوەی کارەبای گوندەکان دەکەن.
لهۆنی، ئاماژەی بەوەش دا "هێزەکانی ئەرتەش لەگەڵ دامەزروە فریاگوزارییەکانی پارێزگا هاوکار بوون بۆ فریاکەوتن و ڕزگارکردنی ئەوانەی لە ناو بەفر و زریاندا، لە سەر ڕێگەی تیکاب-سەقز گیریان خواردبوو."
ئەو، هەروا داوای لە کەرتی تایبەت کرد، لەم دۆخە تایبەتەدا هاوکاریی لایەنە پەیوەندییدارەکان بکەن و ڕاشیگەیاند، تێچووی هاوکارییەکانیان لە لایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت.
بە فەرمانی پارێزگاری سنە و پاڵپشت بە ماددەی 15ـی یاسای بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، سەرجەم شۆفڵ و ئامێرەکانی کەرتی تایبەت، بۆ پاککردنەوەی ڕێگەوبانەکانی پارێزگاکە، خراونەتە بەردەستی تیمە فریاگوزارییەکان.
پارێزگاری سنە، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر پێویست بکات، داوای هاوکاریی لە پارێزگاکانی دیکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم دۆخە دەکەین.
هەر ئەمڕۆ، غەریب سەجاددی، قایمقامی سنە، بە ئاژانسی هەواڵی 'میهر'ی گوت: ئێستا نزیکەی هەموو ڕێگا سەرەکییەکان بەرەو شاری سنە داخراون؛ زریانی توند، ڕێگای سەڵواتئاوا-دێگولانی داخستووە و بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە هاتوچۆ بەسەر ڕێگای سنە- کامیاران سەختە و ئەگەری داخرانی لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هەیە.
قایمقامی سنە، گوتیشی: ڕێگەی باقرئاوا بەرەو حوسێنئاوا لە نزیکەی 2 کاتژمێر پێش ئێستاوە داخراوە و ڕێگای مەریوان-سنەش داخراوە.
سەججادی، داوای لە هاووڵاتیان کرد خۆیان لە گەشتی ناپێویست بپارێزن و لەگەڵ دەزگا فریاگوزاری و خزمەتگوزارەکاندا هاوکار بن.
