ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ بە دوو داواکاریی ترەمپ ڕازی بووە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕازی بووە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە جێبەجێ بکات و توندوتیژییەکانیش لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین کەم بکاتەوە. 

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتی فلۆریدا، پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد. کۆبوونەوەکەی نێوانیان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ترەمپ و ناتانیاهۆ بە ڕۆژنامەنووسانیان گوت، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، ڕێککەوتنەکانی 'ئەبراهام' و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوو وڵات، تاوتوێ دەکەن.

 

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی غەززە

پێگەی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمەریکی لەسەر زاری دوو سەرچاوەی باڵای ئیدارەی 'کۆشکی سپی'ـیەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترەمپ، ڕازی بووە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە.

قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە، بڵاوکردنەوەی هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیپارێز لە غەززە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە، چەککردنی حەماس و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەخۆ دەگرێت.

 ئەکسیۆس، ڕوونیشی کردووەتەوە، ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ناکۆکییان لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززەوە هەیە.

پێش سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتەکەی، دووپاتیان کردبووەوە، تا تەرمی دوایین بارمتەی ئیسرائیلی نەگەڕێنرێتەوە، قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە جێبەجێ ناکەن.

لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە، کەتیبەکانی 'عیزەدین قەسسام'، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی 'حەماس' و کەتیبەکانی 'سرایا قودس' باڵی سەربازیی بزووتنەوەی 'جیهادی ئیسلامی'، 20 بارمتەیان ڕادەستی ئیسرائیل کردبوو، هاوکات تەرمی 27 بارمتەی دیکەشی ڕادەست کردبووەوە، بەڵام تەرمی یەکێک لە بارمتەکان تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش کراوەتە بیانوو بۆ جێبەجێنەکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە.

 

کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەمان پێگە، ترەمپ داواشی لە ناتانیاهۆ کردووە، سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین (الضفة الغربية) بگۆڕێت.

ئەکسیۆس ئەوەی خستووەتە ڕوو، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا پێیان وایە، پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین جێبەجێی دەکات، کاریگەریی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی ترەمپ لەبارەی کەرتی غەززەوە دەبێت و بەربەست لە بەردەم فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام دادەنێت، پێش کۆتاییهاتنی ویلایەتی ترەمپ.

بەرپرسانی کۆشکی سپی، وەک ئەکسیۆس باسی کردووە، گۆڕینی سیاسەتی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا بە پێویست دەزانن بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تەلئەڤیڤ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و زیادکردنی دەرفەتەکانی فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام.

باس لەوەش کراوە، ناتانیاهۆ بەڵێنی بە سەرۆکی ئەمریکا داوە، ڕێکاری توند بەرانبەر بەو ئیسرائیلییانە بگرێتەبەر کە کاری توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی لە کەناری ڕۆژئاوا دژی هاووڵاتییانی فەڵەستینی ئەنجام دەدەن.

بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لەو کاتەوەی شەڕی غەززە سەری هەڵداوە، زیاتر لە 1103 فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات کوژراون، زیاتر لە 11 هەزاری دیکەیان بریندار بوون و زیاتر لە 21 هەزاری دیکەش دەستگیر کراون.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل