ئۆجەلان داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار دەکات
ئۆجەلان داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار دەکات و داواش لە تورکیا دەکات، ڕۆڵێکی بنیاتنەر و کراوە بۆ دیالۆگ لە سووریا بگێڕێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێی 2026 بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، ئەم قۆناغە نوێیە دەبێتە سەردەمی ئازادیی ژن و یەکگرتنی گەلان لەگەڵ بەها دیموکراتییەکان لە ئاشتیدا.
چارەسەریی پرسی کورد و دۆخی سوریا
سەبارەت بە پرسی کورد، ئۆجەلان چارەسەرییەکەی بە "ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی دیموکراتی"یەوە بەستەوە و هۆشداری دا لە بەکارهێنانی ڕێبازی سەربازی و ئەمنی.
لەبارەی دۆخی سوریاوە، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوە دا، دیمەنە ئاڵۆزەکەی ئەو وڵاتە "ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونی پێویستیی دیموکراتیزەکردنە" و پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو مۆدێلە سیاسییە دیموکراتییە دەربڕی کە بەپێی ئەو مۆدێلە، گەلان دەتوانن پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن، وەک لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق لە 10ی ئاداردا ئاماژەی پێکراوە.
هەروەها داوای لە تورکیا کرد لەم پرۆسەیەدا "ڕۆڵێکی ئاسانکار، بنیاتنەر و کراوە بۆ دیالۆگ" بگێڕێت. بە گوتەی ئەو، ئەمە هەم بۆ ئاشتیی ناوچەیی و هەم بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی ناوخۆیی خۆی گرنگییەکی ژیانی هەیە.
"نەتەوەپەرستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو هەڵدێر بردووە"
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، نەتەوەپەرستی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا هاوشان لەگەڵ هێرشە ئیمپریالیستییەکان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی پێکدادانی قووڵ، وێرانکاری و لێکترازانی کۆمەڵایەتی کردووەتەوە. ئەو گوتی: "ئەمڕۆ هەموو تایفەگەری و نەتەوەپەرستییە نەتەوەییەکانی ناوچەکە، ڕەگ و ڕیشەیان لەم مێژووە نزیک و پڕ لە ئازارەوە وەرگرتووە. بەداخەوە ستراتیژی 'پارچە بکە، بەڕێوەببە و هانی بدە'ی سیستەمی هەژموونگەرایی بە شێوازی جیاواز بەردەوامە."
لە بەرامبەر ئەم مێژووەدا، ئۆجەلان دیدگای "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" وەک "پێویستییەکی مێژوویی" و "دژەژەهرێک" بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی نوێ پێشکەش دەکات.
ڕێککەوتنی 10ی ئادار
ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە واژۆ کراوە.
ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، وەک: ئاگربەست لە سەرتاسەری سووریا، تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها داننان بە مافی پێکهاتەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە، هەردوولا یەکتری بە خاو کارکردن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
لەم دواییانەدا حکوومەتی دیمەشق بۆ یەکەمجار پێشنیازێکی نووسراوی پێشکەش بە هەسەدە کردووە، پێشنیازەکە باس لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازیدا دەکات. چاوەڕوان دەکرا لەم سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازە و وردەکارییەکانی تری ڕێککەوتنەکە بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری کرابوو.
