ئەحمەد کانی: ئەگەر ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکرێن، پارتی بڕیاری دیکەی دەبێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 تیشکی خستە سەر دواین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

ئەحمەد کانی ڕایگەیاند: "لە سەرەتای چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، دروشمەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوون و دیار بوون، کە بریتیین لە (هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان). ئێمە دەمانەوێت ببینە هێزێکی کاریگەر و فشار لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، چونکە چەندین خاڵ هەن ساڵانێکە لەگەڵ بەغدا لەسەریان ڕێکدەکەوین، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردندا حکوومەتی عێراق فەرامۆشیان دەکات."

سەبارەت بە ئەرکی نوێنەرانی پارتی، ئاماژەی بەوە کرد؛ لە دەستووردا ماف و ئەرکەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا دابەش کراون، گوتیشی: "سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکان و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا، هەمیشە داوای لە بەربژێرەکانی پارتی کردووە، تەنیا نوێنەری هەرێمی کوردستان نەبن، بەڵکو وەک نوێنەری هەموو عێراق کار بکەن. ئامانجیش کارکردنە بە عەقڵیەتی دەوڵەتداری و لۆژیک، بۆ ئەوەی عێراق بەرەو باشتر ببات."

لەبارەی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد کانی ڕەخنەی گرت و گوتی: "ئەوەی دوێنێ ڕوویدا دوور بوو لەو ڕێککەوتنانەی کە پێشتر کرابوون. پارتی وەک تاکە حزبی براوە لەسەر ئاستی سەرانسەری عێراق، مافێکی ڕەوای خۆیەتی کاندیدی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەبێت. ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕێککەوتبووین کە مەیلی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پارتی هەبوو، بەڵام گۆڕانکارییەک ڕوویدا کە نەدەبوو وابێت."

لە کۆتاییدا گوتی: "هێشتا گەڕی سێیەمی دەنگدان ماوە و ئومێد دەکەین بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان پرۆسەکە کۆتایی بێت. ئەگەر ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن، پارتی پابەند دەبێت، بەڵام ئەگەر لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن، ئەوا مافی پارتییە بڕیاری نوێ بدات و دەرگای دیکە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتووی سیاسی عێراق دەکاتەوە."

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل