بیۆنسێ بووە ملیاردێر

گۆڤاری فۆربس بڵاوی کردووەتەوە، بیۆنسێ، ئەستێرەی ناسراوی پۆپی ئەمەریکی، بە فەرمی بووە ملیاردێر و بەوەش دەبێتە پێنجەمین خانمە هونەرمەند لە مێژوودا، ببێتە خاوەنی ئەم سەروەت و سامانە.

بیۆنسێی تەمەن 44 ساڵ، بەم دەستکەوتە نوێیە دەچێتە پاڵ لیستی ئەو هونەرمەندە ملیاردێرانەی کە پێشتر ناویان لە گۆڤارەکەدا هاتووە، لەوانەش: جەی زی (هاوسەری بیۆنسێ)، تایلۆر سویفت، بروس سپرینگستین و ڕیهانا.

ئەم سەرکەوتنە داراییەی بیۆنسێ دوای چەند ساڵێکی پڕ لە چالاکی و داهاتی خەیاڵی دێت. لە ساڵی 2023دا، گەشتە هونەرییە جیهانییەکەی بە ناوی (Renaissance) داهاتەکەی نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار بووە.

هەروەها لە ساڵی 2024 دا بە ئەلبوومی (Cowboy Carter) کە خەڵاتی گرامیشی بەدەستهێنا، وەرچەرخانێکی گەورەی لە کارەکانیدا دروستکرد، پێش ئەوەی لە ساڵی  2025دا پڕ داهاتترین گەشتی هونەری لە ئاستی جیهان ئەنجام بدات.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی "فۆربس"، تەنیا لە ساڵی 2025دا، داهاتی بیۆنسێ پێش بڕینی باج گەیشتووەتە 148 ملیۆن دۆلار، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە سێیەم گرانترین میوزیسیانی جیهان لەو ساڵەدا.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە بیۆنسێ ئیمپراتۆرییەتی کارەکانی فراوانتر کردووە و وەبەرهێنانی لە بوارەکانی براندی چاودێری قژ، ویسکی و جلوبەرگدا کردووە، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی سەروەت و سامانەکەی لە کارە میوزیکییەکانی و گەشتە هونەرییە جیهانییەکانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل