پێنج کاسبکاری ڕۆژهەڵات لە بەفری 'کێلەشین' گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن

پێنج کاسبکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشین، لەسەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە گیریان خواردووە و لەناو ئەشکەوتێکدا داوای بەهاناوەچوون دەکەن.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کە لە باشووری کوردستانەوە دەگەڕانەوە، لە ناوچەی کێلەشین و لە دۆڵی گادەر، پشتی گوندی بێمزورتێ، تووشی بارینی بەفرێکی زۆر بوون و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بێسەروشوێن بوون. دوای چوار ڕۆژ، توانیویانە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە بکەن و شوێنی خۆیان ئاشکرا بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم پێنج کاسبکارە لەناو ئەشکەوتێکدا خۆیان حەشارداوە و داوایان کردووە تیمەکانی فریاگوزاری بە هانایانەوە بچن. یەکێک لە کەسوکاری گیراوەکان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنج ڕۆژە لەو چیایە گیریان خواردووە، پێنج کەسن و بەیەکەوەن، چواریان بران و یەکێکیان خاڵمە."

هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنیان دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکە و کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆر کە بەرزییەکەی لە مەترێک زیاترە، تیمەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە. یەکێک لە ئەندامانی تیمی فریاگوزاری خۆبەخش گوتی: "دوو ڕۆژە هەوڵ دەدەین، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، فەرمانداریی ڕێگەی نەداوە بولدۆزەر بۆ کردنەوەی ڕێگاکە بەکاربهێنرێت."

کەسوکاری ئەم پێنج کاسبکارە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دۆخی ئازیزانیانەوە دەربڕیوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا حکومییەکان دەکەن، بەپەلە بە هانایانەوە بچن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان کە لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ یەکێک لە گیراوەکانەوە دەستکەوتووە، باری تەندروستییان تا ڕادەیەک جێگیرە و بەشی سێ ڕۆژی دیکە خواردنیان پێماوە، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانیان سەرما و سۆڵەی ناوچەکەیە، کە پلەکانی گەرما لە شەواندا بۆ زیاتر لە دە پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل