قایمقامی پشدەر بۆ کوردستان24: ئەمڕۆ دەروازەی کێلێ دەکرێتەوە
دوای سێ ڕۆژ لە ڕاگیرانی، بڕیارە ئەمڕۆ هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووریی کێلێ دەست پێبکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەکر باییز، قایمقامی قەزای پشدەر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژ بوو هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە هەردوو دیوی دەروازەی کێلێ ڕاگیرابوو. هۆکاری ئەم ڕاگرتنەش بۆ ئەو شەپۆلە بەفربارینە دەگەڕێتەوە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕینی گرتووەتەوە.
بایز گوتیشی، "دوای سێ ڕۆژ لە ڕاگیرانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووریی کێلێ دەست پێدەکاتەوە." سەبارەت بە هاتووچۆی بازرگانی، ناوبراو ڕایگەیاند، بەهۆی ئاستەنگییەکانی ڕێگاوبان و کەڵەکەبوونی بەفر و بەستەڵەک، جموجووڵی بازرگانی جارێ دەست پێناکاتەوە.
قایمقامی پشدەر جەختی لەوەش کردەوە، تیمەکانیان لە دەروازەکە ئامادەن بۆ ئەوەی هیچ گرفت و ئاستەنگییەک بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.
داخرانی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، دوای ئەوە هات کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاویکردەوە، نزیکەی یەک مەتر بەفر لەو ناوچەیە باریووە.
دەروازەی سنووریی کێلێ دەکەوێتە نێوان قەزای پشدەر (قەڵادزێ) لە هەرێمی کوردستان و شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە شاخاوییەکەیەوە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی بەفربارینێکی زۆر دەبێتەوە. ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی ڕاگرتنی کاتیی هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم دواییانە، بەفربارینی چڕ لە دیوی ئێران هۆکاری سەرەکیی وەستانی هاتووچۆ بووە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر لە دیوی هەرێمی کوردستان ڕێگاکانیان تا خاڵی سفری سنووری پاککردووەتەوە، بەڵام کاری پاککردنەوە لە دیوی ئێراندا کاتی زیاتری ویستووە. دەروازەی کێلێ گرنگییەکی بازرگانیی بەرچاوی هەیە و بە یەکێک لە ڕێڕەوە گرنگەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران دادەنرێت.
