سلێمانی.. سێ شێوەکار یادی 56 ساڵەی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان دەکەنەوە

بۆ یادکردنەوەی پتر لە نیو سەدە لە تەمەنی داهێنان و خزمەتی هونەری، سێ هونەرمەندی شێوەکاری دیار، بە تابلۆکانیان چیرۆکی مرۆڤ و سروشتیان بۆ بینەران گێڕایەوە.

بەبۆنەی 56ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی "کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد"، هەریەکە لە هونەرمەندان (عەلی جۆڵا، محەممەد فەتاح و نیاز عوسمان) پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکارییان کردەوە. ئەم پێشانگایە تەنیا نمایشکردنی ڕەنگەکان نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە ڕۆڵی مرۆڤ لەناو سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری.

عەلی جۆڵا، یەکێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان، لەبارەی وردەکاریی پێشانگاکە بە کوردستان24 ڕایگەیاند: "پێشانگاکەمان لە 18 تابلۆی جیاواز پێکهاتووە، کە تێیدا هەر یەکێکمان بە 6 تابلۆ بەشداریی پاشخان و دیدگای هونەریی خۆمان کردووە."
کارە هونەرییەکان بە تەکنیکی "زەیت لەسەر کانڤاس" و هەروەها "ئەکریلیک" کێشراون، کە تێیدا هەوڵدراوە لە ڕێگەی ڕەنگەکانەوە ڕەهەندە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ نیشان بدرێن.

محەممەد فەتاح، یەکێکی دیکە لە هونەرمەندانی پێشانگاکە، تیشک دەخاتە سەر ململانێ و پێکەوەژیانی مرۆڤ لەگەڵ ژینگەدا. ئەو دەڵێت: "لە تابلۆکانمدا ئەکتەری سەرەکی ڕاوچییە لەگەڵ نێچیرەکەیدا؛ دەمەوێت نیشانی بدەم چۆن هەندێکجار مرۆڤ ڕاوچییە و هەندێکجاریش لەناو بازنەی سروشتدا دەبێتەوە بە نێچیر."
ئەم پێشانگایە گفتوگۆیەکی هونەرییە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ سروشت، باڵندە، ماسی و هەموو ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی، و گۆڕینی ئەو مامەڵەیە بۆ تابلۆیەکی زیندوو کە چیرۆکێکی مرۆیی لەپشتەوەیە.

ئەم چالاکییە هونەرییە جارێکی دیکە سەلماندی "کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان" دوای 56 ساڵ، هێشتا وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی داهێنەران و پاراستنی ناسنامەی هونەریی کوردی دەمێنێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل