سی ئای ئەی بە درۆن هێرشی کردە سەر خاکی فەنزوێلا
دوو سەرچاوە لە هەواڵگری ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی CIA بە درۆن هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی بەندەری فەنزوێلا و هێرشەکە شوێنێکی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەکانەوە بۆ مەبەستی گواستنەوە بەکارهێنرابێت کردە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیدا لەگەڵ وێستگەی (WABC)ی نیویۆرک، پەردەی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە لادا و ڕایگەیاند؛ ئەمەریکا دامەزراوەیەکی "گەورە"ی لەناوبردووە وەک بنکەیەکی سەرەکی بۆ بەڕێکردنی کەشتییەکان بەکاردەهێنرا.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ترەمپ لە کاتی میوانداریکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هاوینەهەواری "مار ئا لاگۆ"، وردەکاری زیاتری بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو و گوتی: "ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج، شوێنێک بووە کە بەلەمەکانیان بە ماددەی هۆشبەر بار دەکرد". بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ڕوونی بکاتەوە ئایا هێرشەکە لەلایەن سوپاوە بووە یان سی ئای ئەی.
تا ئێستا بەرپرسانی سی ئای ئەی و کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە نەداوە و سەرچاوە ئاگادارەکانیش بەهۆی هەستیاری بابەتەکە، نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت.
ئەم هێرشە بە یەکەم هەنگاوی سەربازی و هەواڵگریی ڕاستەوخۆ دەژمێردرێت لەسەر خاکی فەنزوێلا لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوو.
