کۆشکنشینی 'سەلام' چۆن هەڵدەبژێردرێت؟

بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات پرۆسەیەکی پەرلەمانییە و لەناو پەرلەماندا بەڕێوەدەچێت. 

ئەم پۆستە کە بەپێی نەریتی سیاسی، پشکی کوردە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و پارێزگاری لە دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک خولی دیکە نوێ دەکرێتەوە.

لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکرێتەوە؛ دواتر وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و لیستی کۆتایی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت. 

 

مەرجەکانی خۆکاندیدکردن:

- ڕەگەزنامەی عێراقی: دەبێت کاندیدەکە عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لە دایک بووبێت.

- تەمەن: پێویستە تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.

- بڕوانامە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت.

- شارەزایی سیاسی: پێویستە ئەزموون و شارەزایی سیاسی هەبێت و ناسراو بێت بە دەستپاکی و لێهاتوویی.

- مەرجی دادوەری: نابێت هیچ سزایەکی لەسەر بێت کە پەیوەندی بە تاوانەکانی شەرەفەوە هەبێت.

- سەروەریی یاسا: دەبێت باوەڕی بە پاراستنی سەروەریی یاسا، یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایشی وڵات هەبێت.

 

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمانی عێراق بە چەند هەنگاوێکدا تێدەپەڕێت:

1. کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن: لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکاتەوە و ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە داواکاری پێشکەش دەکەن.

2.  پشکنینی ناوی کاندیدەکان: دوای داخستنی دەرگای خۆکاندیدکردن، لیستێک بە ناوی ئەو کەسانە ئامادە دەکرێت کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

3. دانیشتنی پەرلەمان: پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.

4. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.

5. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

6. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.

 

بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ. 

شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، کۆشکی 'سەلام'ـە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێوە ڕۆژانە کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبات. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.

 

وردەکاریی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەم لینکەدا بزانە

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل