پارێزگاری هەولێر بە وشەیەک وەسفی 2025 دەکات و ژمارەی گەشتیار و پڕۆژەکانیش دەخاتەڕوو

سێلفیی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ژڤان عابد، پێشکەشکاری کوردستان24
سێلفیی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ژڤان عابد، پێشکەشکاری کوردستان24

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "ساڵی 2025 سەخت بوو، بەڵام بە پڕۆژەی ستراتیژی و ژمارەی پێوانەیی گەشتیارانەوە بەڕێمان کرد".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەبارەی ئامادەکارییەکانی سەری ساڵی نوێی 2026 و ژمارەی کار و پرۆژەکانی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکە، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 13:00ـی کوردستان24 بوو، کە لە لایەن ژڤان عابدەوە پێشکەش کرا.

 

گەشبینی بۆ 2026 دوای ساڵێکی سەخت

پێشکەشکاری کوردستان24 داوای لە پارێزگاری هەولێر کرد، بە وشەیەک وەسفی ساڵی 2025 بکات، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "سەخت. ساڵی 2025 لە هەموو ڕوویەکەوە سەخت بوو، بەتایبەتی بەهۆی ئەو ستەمەی لە ڕووی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان دەکرا، کە وایکرد نەتوانین پلانەکانمان وەک پێویست جێبەجێ بکەین."

 ئەو، ئاماژەی بەوە دا، فەرمانبەران لە دۆخێکی دژواردان و هێشتا چارەنووسی مووچەی دوو مانگیان نادیارە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە گەشبینییەوە سەیری ساڵی 2026 دەکات و هیوادارە لەگەڵ پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی نوێ لە بەغدا و هەولێر دوای هەڵبژاردنەکان، پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە و کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن.

 

ژمارەی پێوانەیی گەشتیاران و کارئاسانی لە بازگەکان

یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ساڵی 2025 بۆ هەولێر، بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری بوو. پارێزگار خۆشناو ئامارەکانى خستەڕوو و گوتی: "لە ساڵی 2024دا سێ ملیۆن گەشتیار هاتبوونە هەولێر، بەڵام ئەمساڵ تا 1ی کانوونی یەکەم، ژمارەکە گەیشتە سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ساڵ بگاتە سەرووی سێ ملیۆن و نیو گەشتیار."

 

پارێزگاری هەولێر هۆکاری ئەمەشى گەڕاندەوە بۆ ئەو کارئاسانیانەی لە بازگەکاندا کراون، لەوانە:

- کردنەوەی بازگەکان بەڕووی گەشتیاراندا بۆ ماوەی 24 کاتژمێر.

- درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی گەشتیار لە یەک مانگەوە بۆ سێ مانگ.

-  خێراکردنی ڕێکارەکان، بەجۆرێک هەر گەشتیارێک لە ماوەی دوو بۆ سێ خولەکدا کارەکانی تەواو دەبێت.

 

چارەسەری کێشەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری

ئومێد خۆشناو دوو پڕۆژەی ستراتیژیی وەک خەونی دێرینی هاووڵاتییانی هەولێر ناوبرد کە لە 2025دا بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەخۆوە بینی:

1. چارەسەریی کێشەی ئاو: پارێزگار گوتی "لەوەتەی هەولێر هەیە کێشەی ئاوی هەبووە، بەڵام بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو کە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بڕی ئاوی دابینکراو بۆ شارەکە دوو هێندە زیاد بووە. پێشتر لە کاتژمێرێکدا 10 هەزار مەتری چوارگۆشە ئاو دابین دەکرا، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 20 هەزار مەتری چوارگۆشە، کە ئەمەش چارەسەرێکی ڕیشەیی کێشەکەیە".

2. کارەبای 24 کاتژمێری: خۆشناو ئەم پڕۆژەیەی بە "شۆڕش" وەسف کرد و ڕایگەیاند، ناوەندی شاری هەولێر و شەقامە بازنەییەکانی 120 و 150 مەتری بە تەواوی کەوتوونەتە ناو ئەم سیستمەوە. هەرچەندە کێشەی تەکنیکی بەهۆی سەرما و باران و هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کۆرمۆرەوە دروست بووە، بەڵام بەڵێنی دا "لە ساڵی 2026دا تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری."

 

ژینگەی هەولێر؛ لە لیستی سوورەوە بۆ ڕیزی شارە خاوێنەکان

یەکێکی لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2025، باشترکردنی ژینگەی شار بوو. خۆشناو ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ژینگەی هەولێر بووبووە جێگەی نیگەرانی، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی وەزیران و بە پلانی زانستی و هاوکاریی زانکۆکانی سەڵاحەدین و پۆلیتەکنیک، ڕووپێوێکی نهێنی بۆ سەرچاوەکانی پیسبوون کراوە. لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە، زنجیرەیەک ڕێکار گیراوەتەبەر، لەوانە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و ناچارکردنی کارگەکان بە پابەندبوون بە ستانداردە ژینگەییەکان.

گرنگترین هۆکاریش، پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بوو کە بووە هۆی کوژاندنەوەی هەزاران مۆلیدەی گەڕەکەکان. لە ئەنجامدا، پارێزگار بە خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند: "دوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی نەرویجی و سویدی، لە ڕاپۆرتی ساڵی 2025ـیاندا، هەولێریان لە لیستی سووری ئەو شارانە دەرکردووە کە سەردانکردنیان مەترسیدارە، و ئێستا وەک شارێکی خاوێن پۆلێنیان کردووە."

 

ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ و پڕۆژەکانی داهاتوو

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی شەوی سەری ساڵ، خۆشناو دڵنیایی دا، پلانێکی تۆکمەی ئەمنی و خزمەتگوزارییان هەیە و بۆ ماوەی 10 شەو ئاهەنگ و چالاکیی جۆراوجۆر لە شاردا بەڕێوەچووە. هەروەها، سێ بازاڕی کاتی کراونەتەوە و 100 کۆشکی بێ بەرامبەر بە گەنجان دراوە بۆ ئەوەی دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.

لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە کارکردن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە، بەتایبەتی لە بواری ڕێگەوباندا، کە پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگاکانی شەقڵاوە و کۆیە و چەندین ڕێگەی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان و هەولێر بەرەو قۆناغێکی نوێی ئاوەدانی دەبەن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل