فیلمێكی سینەمایی بەشداری فێستیڤاڵی جیهانی دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی کانوونی یەکەمی 2025، بیلال شاکر، دەرهێنەری سینەما و درامی، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24، باس لە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی "شاماران" دەکات و دەڵێت: فیلمی سینەمایی "شاماران" لە ساڵی 2017، یەکەم چیڕۆکە سەرەتاییەکەی نووسراوەتەوە، تا ساڵی 2024 چوارجار پێداچوونەوەی بۆ کراوە، لە کۆتایی ئەو ساڵەدا ئێمە دەستمان بە وێنەگرتن کرد، سەرەتا بەشداری فێستیڤاڵەکانی پێ دەکەم و دواتر لە سینەماکاندا نمایشی دەکەم.
بیلال شاکر، باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێ: چیڕۆکی فیلمەکە باس لە کەسایەتی دونیا دەکات، کە کچێکە قوربانی جەنگ و هێرشەکان بووە، وە پاش گەڕانەوەی دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەو ڕووداوانەی کە لەناو مێشکی ڕوودەدات ببێتەوە، کە پاش ئەوەی سەفەر بەرەو ناو خانوێک دەکات تووشی ڕووداوی ناخۆش دەبێت، کە پێش ئەوە درامی خۆی درووست دەکات لەناو فیلمەکەدا.
گوتیشی: فیلمی سینەمایی "شاماران" بەرهەمێکی دۆکۆدرامایە، ئەو دۆکۆدرامایە ئەزموونێکی زۆرباشی هەیە، چ وەکو بەرهەمهێنان یان پشتگیریکردنی پڕۆژە گەورەکان کە لە کوردستان جێبەجێکراوە، بەشێکی زۆری ئەو فیلمە سینەماییانەی کە لە کوردستان بەرهەمهاتووە لەلایەن دۆکۆدراما پشتگیری کراوە، زنجیرە درامای چەرخ و فەلەکیش بەرهەمی ئەو دۆکۆدرامایەیە.
بیلال شاکر، باس لە سەختی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی دەکات و دەڵێت: بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی کارێکی زۆر زەحمەتە، وەک دەزانین لەو چەند ساڵەی دواییدا وەزارەتی ڕۆشنبیری نەیتوانیوە فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبهێنێت، لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر کەرتی تایبەت یان هەر کەسێک بیەوێت فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبهێنێت و بەشداری فێستیڤاڵە جیهانییەکانی پێ بکات، پێویستە پاڵپشتی هەبێت، ئەگەر کەسێک بیەوێت فیلمێک بەرهەمبهێنێت پێویستی بە پاڵپشتی دارایی باش هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت فیلمێکی باش بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی نەبێت، یان دەبێ فیلمەکە بە لاوازی درووست بکات، یان کاتێکی زۆری دەوێت تا فیلمێک بەکوالێتی درووست بکات.
بیلال شاکر لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بڕیامداوە فیلمی سینەمایی "شاماران" یەکەمجار بەشداری فێستیڤاڵەکانی پێ بکەم، هیوادارم بتوانین لە فێستیڤاڵەکان سەرکەوتنێکی باش بەدەستبهێنین، وە هەروەها هەندێک لە فێستیڤاڵە گەورەکان مەرجی سەرەکیان ئەوەیە کە نابێت فیلمەکە پێشتر لەهیچ شوێنێک بڵاوببێتەوە، بۆیە پاش بەشداریکردمان لە فێستیڤاڵەکان، ئەوکات بیر لەنامایشکردنی فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان دەکەمەوە.
جێگەی ئاماژەیە، فیلمی سینەمایی "شاماران" لە دەرهێنانی بیلال شاکرە و دیمەن زەندی و حەمید یوسف ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەن، زۆربەی ئەکتەرەکانی تر لە هەولێرن و ستافی تەکنیکی فیلمەکەش لە باشوور و ڕۆژهەڵات بە هاوبەشی کارەکەیان کردووە.

